پیسبوونی هه‌وا ساڵانه‌ ٧ ملیۆن کەس دەکوژێت

ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانی 'WHO' ڕایگه‌یاند، کە پیسبوونی هه‌وا ساڵانه‌ ده‌بێته‌ هۆی مردنی حەوت ملیۆن کەس لە جیهاندا، کە نزیکەى ٦٠٠ هه‌زاریان منداڵی خوار ١٥ ساڵن.


هەفتەى ڕابردوو ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانی، لەژێر ناونیشانى‌ 'پیسبوونی هه‌وا و ته‌ندرووستی'  كۆنفڕانسێكی له‌ شاری جنێڤى پایتەختى وڵاتى سویسرا سازكرد، دواتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگه‌یاند، کە هه‌وای پیس هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ ته‌ندرووستیی ١ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن منداڵ ده‌كات كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ خوار ١٥ ساڵییه‌وه‌یه‌.

به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌، ٩٢%ی دانیشتوانی جیهان له‌ هه‌وای پیسدا ده‌ژین و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ساڵێكدا ٧ ملیۆن كه‌س بمرن. هەروەها دەڵێن: له ساڵی ٢٠١٦دا به‌هۆی پیسبوونی هه‌وا و بڵاوبوونه‌وه‌ی میكرۆب ٥٤٣ هه‌زار منداڵی خوار ٥ ساڵی مردوون، هه‌روه‌ها ٥٢ هه‌زار منداڵی دیكه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان ٥-١٥ ساڵیدایه‌، له‌ هه‌مان ساڵدا مردوون.

د.ع