پێكهاتەجیاوازەكان پشتگیری قەڵغانی زیندوو دەكەن

بەشێك لە پێكهاتەكانی باشوری كوردستان وەك پاڵپشتی كردن سەردانی قەڵغانی زیندوویان كرد و داوای بەشداری زیاتری گەنجانیان بۆ ناو قەڵغانی زیندوو كرد.


ئەمڕۆ كاتژمێر ٤ی ئێوارە هەر یەك لە نوێنەری مامۆستایانی ئاینی، پیری زەردەشتییەكان، نوێنەری كاكەییەكان، ئێزدی و تەریقەتی نەقەشبەندی سەردانی قەڵغانی زیندوویان لە قەندیل كرد.


نادر عەلی مامۆستای ئایینی بەناوی ئامادەبووانەوە قسەی كرد و ڕایگەیاند:"لە باكوری كوردستان و توركیا، دەوڵەتی تورك ستەم لە كورد و هەموو ئازادیخوازان دەكات، بەوەش ناوەستن هاتوون ڕوویان لە باشوری كوردستان كردووە و دەیانەوێت دەستكەوتەكانی گەلی كورد لە باشوری كوردستان لە ناو ببەن، لێرەوە داوا لە نەتەوەیەكگرتووكان و مەرجەعە باڵاكانی ئاینی و حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین لە بەرامبەر دەستدرێژی و كاولكاری و سووتاندن و شەهید و برینداركردنی هاوڵاتیانی باشوری كوردستان بەدەستی سوپای تورك، كارێك بكرێت بۆئەوەی چیتر دەوڵەتی تورك بە ئارەزوی خۆی، خاكی باشوری كوردستان بۆردومان نەكات و هاووڵاتیان نەكاتە قوربانی.


ئەو مامۆستا ئاینییە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمڕۆ ئێمە وەك پاڵپشتی لە گەنجان و گەلی كورد هاتووین پارێزگاری لە خاك و ئاوو كەرامەتی خۆمان بكەین و داوا لە هەموو موسڵمانان و گەلانی ئازادیخواز دەكەین هەڵوێستیان هەبێ و ڕێگری لە داگیركارییەكانی توركیا بكرێت.


نوێنەرانی پێكهاتە جیاوازەكان دەستخۆشییان لە گەنجانی قەڵغانی زیندوو كرد كە لەناو خۆشی و ژیانی گەنجایەتی خۆیانەوە ڕوویان كردۆتە قەندیل و قەڵغانی زیندوویان دژی داگیركاری دەوڵەتی تورك دروستكردووە.


گەنجانی قەڵغانی زیندووش دووپاتیانكردەوە، با دوژمنیش باش بزانێت قەندیل و برادۆست بەردەوام قەڵغانی كوردان بووەو ئێمەی گەنجانیش ئەو قەڵغانە بەهێزتر دەكەین.


د.ح