پێنی نێونەتەوەیی کەمپینێکی بۆ ئازادکردنی زارا محەمەدی دەستپێکرد

ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەیی کەمپینێکی بۆ ئازادکردنی مامۆستا ژنەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکرد.


کۆمیتەی مافی زمان و وەرگێڕ لە ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەیی، کەمپەینێکی ئاگادارکردنەوەی ناوەندە جیهانییەکانی بۆ ئازادکردنی زارا محەمەدی مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی ڕاگەیاند، کە نزیکەی ٢٠ ڕۆژە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیرکراوە.

دڵشاد خۆشناو، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی ناوەندی (PEN)ی کورد لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەی بە گرنگیی کەمپەینەکە کرد و وتی: گرنگیی لەوەدایە کە رێکخراوێکی نێونەتەوەیی ناوداری خاوەن پێگە و متمانە لە ناو کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا بەڕێوەی دەبات و لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و لە میدیا جیهانییەکان و مەڵبەندە ڕۆشنبیرییەکان باس دەکرێت.

وتیشی: جگە لەوەش ئێستاکە ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەیی کە ١٤٦ ناوەند لەخۆی دەگرێت لە سەرتاسەری جیهان، کاتێک ناوەندی (PEN)ی نێونەتەوەیی دەست بە کەمپینێک دەکات، ناوەندەکانی دیکەش لەلای خۆیانەوە دەست پێدەکەن و دەکەوێتە ڕۆژەڤی جیهانەوە، ئەو وڵاتانەشی کە ڕێز لە ناو و یاسای خۆیان بگرن، کاتێک ئەو کەمپینانە دروست دەبن، هەندێک جار هەوڵ دەدەن کاری خراپتر نەکەن یان ڕەوشەکە ئاڵۆزتر نەکەن و ئازادیان بکەن.، لە ڕابردووشدا کەمپەینی لەو جۆرە کاریگەریی هەبووە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئەو ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی ناوەندی (PEN)ی کورد وتیی: ئێمە وەکو ڕێکخراوێکی داکۆکیکاری مافی نووسەر و ڕۆژنامەوانان، هەمیشە بە ئەرک و خەباتی خۆمانمان زانیوە کە هەر کوێیەک پێویست بێت، بەپێی دەرفەتی خۆمان کار بۆ گەڕانەوەی ماف بۆ مافخواراو بکەین، زۆر زۆر بەلامانەوە گرنگە کە زارا ئازاد ببێت، چونکە وەکو مامۆستایەک خزمەتی کردووە و خەباتی کردووە بۆ زمانی کوردی، بۆ پێگەیاندن و فێرکردنی رۆڵەی کورد بە زمانی دایک، هیوادارم هەوڵەکەمان ئەنجامی هەبێت.

بۆ بینینی کەمپینەکە بە زمانی ئینگلیزی لە ماڵپەڕی پێنی نێونەتەوەیی کلیکی ئێرە بکە:

https://pen-international.org/news/iran-detention-of-mother-tongue-volunteer-teacher?fbclid=IwAR0vx_mHxOM905QYbcRi5mtt4bETPJwZLX24BRXWYNZ5UkhPHL1kXRapV74

ش.ف