پەرلەمانتارانی ئەوروپا داوادەکەن گەمارۆی چەک بخرێتە سەر تورکیا

بەهۆی پێشلکارییەکانی تورکیا لە بواری مافەکانی مرۆڤ، پەرلەمانتارانی ئەوروپا داوا دەکەن گەمارۆی چەک بخرێتەسەر تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام چەکی پێنەفرۆشن.


ڕاپۆرتی ساڵانەی تورکیا کە یەکێتی ئەوروپا ئامادەی دەکات، دوێنێ پێشکەشی دەستەی گشتی پەرلەمانی ئەوروپا کرا، لە ڕاپۆرتەکە باسی زۆرێک لە پێشلکارییەکانی تورکیا لە بواری مافەکانی مرۆڤ کراوە، هەروەها داوای ڕاگرتنی دانوستانەکانی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا کراوە.

پەرلەمانتارانی ئەوروپا لەسەر ڕاپۆرتەکەی تورکیا و هەڵوێستی پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر پێشلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا، بۆ یۆرونیوز قسەیانکردووە و داوا دەکەن، یەکێتی ئەوروپا لە ماوەیەکی کورتدا هەنگاو هەڵگرێت و داوشیان لە وڵاتانی ئەندام کردووە، کە لە بەرامبەر ئەو دۆخە مەترسیدارەی لە تورکیادا هەیە گەمارۆی چەک بخرێتە سەر ئەو وڵاتە.

کەتی پێری: پێویستە یەکێتی ئەوروپا لەدژی پێشلکارییەکانی تورکیا بکەوێتە جموجۆڵ .

کەتی پێری نوێنەری هۆڵەندا لە پەرلەمانی ئەوروپا داوا دەکات، دانووستانەکانی ئەندامێتی تورکیا لەیەکێتی ئەوروپا ڕابگیرێت و ئاماژە بەوەش دەکات، کە کۆنسەی ئەوروپا و کۆمسیۆنی ئەوروپا لە ماوەیەکی زۆر کورت بکەوێتە جموجۆڵ، پێری هەروەها ئاماژەشی بەوەداوە، کە ئەوان هەمیشە لەگەڵ کەسانی دیموکرات لە تورکیان و بە تەنیا جێیان ناهێڵن.

کۆنسەی ئەوروپا ئەرکی خۆی بەجێی بێنێت

پێری ڕەخنەی لە یەکێتی ئەوروپا گرت کە تا ئێستا ئەرکەکانی لەسەر تورکیا بەپێی پێویست بەجێی نەهێناوە و، وتی: ئەگەر لە تورکیا پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ ڕابگیرێت، پێویستە دەرگای نوێکردنی یەکێتی گومگەکەکان لەگەڵ تورکیا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا زیاتر نەبێت، پێویستە کۆنسەی ئەوروپا ستراتژێکی درێژمەودای هەبێت..

ڕێناتە سۆمەر: یاسای بنەڕەتی تورکیا لەدژی دیموکراسییە

گروپی هەرەگەورەی پەرلەمانی ئەوروپا حیزبی گەلی ئەوروپایە و نایەویت تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا بێت، داوا دەکات کە دانوستانەکانی ئەندامێتی تورکیا بە تەواوەتی ببڕدرێتەوە و قسەشی لەسەر نەکرێت، ڕێناتە سۆمەر لە گروپی حیزبی گەل لە پەرلەمانی ئەوروپا دەڵێت: پێویستە ڕاستیەکان ببینین، تورکیا هیچکات نابێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، چونکە یاسای بنەڕەتی تورکیا بە تەواوەتی دژی یەکێتی ئەوروپا و دیموکراسییە، داوامان ئەوەیە پێوانەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا بەجێی بکرێن.

سۆمەر ئەوەشی وتووە: چونکە دژبەرەکانی تورکیا ناتوانن بژیوی خۆیان دابینبکەن، داخوازەکانی پەنابەری لە یەکێتی ئەوروپا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی.

ڕێبکا هارمس: پێویستە گشتپری دیموکراسی لە تورکیا بکرێت

ڕێبکا هارمس نوێنەری ئەڵمانیا لە گروپی سەوزی پەرلەمانی ئەوروپا دەڵێت: پەرلەمانی ئەوروپا بەو بڕیارە ویستوویانە پەیامێکی بەهێز بدەنە حکومەتی تورک، کە سەرلەنوێ گشتپرسی دیموکراسی بکات لە وڵاتەکەیدا.

هارمس لەسەر چالاکییەکانی مانگرتن لەخواردن و پەرلەمانتارانی زیندانیکراویی هەدەپە، وتی: سەلاحەدین دەمیرتاش و زۆرێک لە پەرلەمانتاران کە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراون بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیرکراون، ژمارەیەکیشیان مانیان لەخواردن گرتووە، ئەوە قبوڵکراو نییە.

پێویستە گەمارۆی چەک بخرێتە سەر تورکیا

ئانا گۆمز نوێنەری پورتوگال لەپەرلەمانی ئەوروپا، وەها قسەیکردووە: بە هەزاران کەس لە تورکیا کارەکانیان لەدەستداوە و لە کار دەرکراون، یان زیندانیی کراون، زۆرێک ڕۆژنامەنووس ئێستا لە تورکیا زیندانین، بەو هۆکارانە ئیدی پێویستە یەکێتی ئەوروپا ئەو دۆخە لەبەرچاو بگرێت و گەمارۆی چەک بخاتە سەر تورکیا، پێویستە چیتر قبوڵ نەکرێت وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر ئەو ڕێژەیە لە پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ دیسان چەک بە تورکیا بفرۆشن.

کۆبوونەوەی کۆنسەی هاوبەشی ئەوروپا-تورکیا دوای چوار ساڵ و لە ١٥ی ئازار لە برۆکسل ئەنجام دەدرێت، دەوترێت کە ڕۆژەڤی سەرەکی کۆبوونەوەکە پێشلکاری مافەکانی مرۆڤە لە تورکیا.

س.ح