پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا داوای ئازادکردنی پەیامنێرانی ڕۆژنیوز دەکات

پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا لەسەر دەستگیرکردنی پەیامنێرانی ڕۆژنیوز و ئەندامەکەی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان هاتە دەنگ و داوای ئازادکردنیان دەکات، داواش لە حکومەتی وەڵاتەکەی دەکات بەرپرسیارێتیی لەئەستۆ بگرێت بۆ ئازادکردنیان.


ئەمڕۆ ئولا یێلپکە(Ulla Jelpke)، پەرلەمانتار و وتەبێژی سیاسەتی ناوخۆی پارتی چەپی ئەڵمانیا ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە دەستگیرکردنی پەیامنێرانی ڕۆژنیوز (بڕیار محەمەد و زوێبر برادۆستی) و ئیدریس سەلیم، ئەندامی ئەنجومەنی هەولێری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"ڕۆژنامەنووسانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستانی عێراق (زوێبر برادۆستی و بڕیار محەمەد)کە بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز کاریان کردووە، زوبێر لە ٢١/تەمموز و بڕیار لە ٢١/ئاب بەهۆی ڕێپۆرتاژە ڕەخنەگرانەکانیان و ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەسەر بۆردوومانی تورکیا لە باکوری عێراق، دەستگیرکراون".

هەروەها، هاتووە:"ئیدریس سەلیم، کە لەسەردەمی سەدام حسێن زیندانی سیاسیی بووە، بە هۆکاری سیاسیی لە ٨/ئایار دەستگیرکراوە،ئەمە وەک ئەوەیە حکومەتی کوردیی درێژکراوەی باڵێکی ئەردۆغان بێت".

ئەو پەرلەمانتارە، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، ڕووی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و ڕایگەیاندووە:"حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە زیندانیانی سیاسیی ئازاد بکات".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی، ئولا یێلپکە-دا هاتووە:"پێویستە حکومەتی ئەڵمانیا بەرپرسیاریی لەئەستۆ بگرێت و داوای ئازادکردنی ئەو دەستگیرکراوانە بکات، هەروەها داوای ئازادیی ڕۆژنامەگەریی بکات لە هەرێمی کوردستان".

ش.ف