ئەندامانی گروپی دۆستایەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا لە نامەیەکدا داوا لە پارت و لایەنە کوردییەکان دەکات، کە ڕێگە بە شەڕی ناوخۆیی نەدەن و زەمینە بۆ هێزە دەرەکییەکان خۆش نەکەن.
دوێنێ ئەندامانی گروپی دۆستایەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا، لەسەر هەوڵەکان بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی، نامەیەکیان ئاڕاستەی پارت و بزوتنەوە کوردییەکان کرد.
لە نامەکەدا ئاماژە بە ڕۆڵی کورد لە تێکۆشان بۆ دیموکراسی و ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵیان بۆ مسۆگەرکردنی ماف کەمینەکان و ژنان کراوە، هەروەها باسیان لە ئێش و ئازارەکانی گەلی کورد کردووە کە لەلایەن داگیرکەرانەوە بەسەریاندا هاتووە.
لە نامەکەدا داواکراوە، کە پێویستە کاربەدەستانی کورد پەیوەندییان لەگەڵ ئەوروپا بەهێز بکەن، و ڕایانگەیاندووە، ئێمەش هەوڵدەدەین پشتیوانیی سەردان پەرلەمانتاری پارتە دیموکراتییەکانی ئەوروپا بۆ کورد وەرگرین.
پەرلەمانتارانی ئەوروپا نیگەرانی خۆیان لە ئاڵۆزیی نێوان هێزە کودردییەکان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە، کە ئەم بابەتە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی دیموکراتیی و ئازادیی گەلی کورد دەکات.
ئەوەش هاتوو: بۆ خولقاندنی داهاتوویەکی ئاشتییانە، دیموکراتی و ئازاد، چاوەڕێ دەکەین کە کێشەکانتان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن، زەمینە بۆ هێزە دەرەکییەکان خۆش نەکەن کە بەرەو شەڕی ناوخۆیی هانتان بدەن، لە چوارلای جیهانەوە ڕۆشنبیرانی کورد داواتان لێدەکەن، ئێمەش داواتان لێدەکەین بۆ سەرخستنی گفتوگۆ و ڕێگای ئاشتیانە چیتان لەدەست دێت بیکەن.
هەروەها ئامادەیی خۆشیان دەربڕیووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەست بەکار ببن و ڕایانگەیاندووە: دەمانەوێت گفتوگۆتان لەگەڵدا بکەین، هاوکارییتان بکەین، هیوادارین ئاورێک لەم نامەیەدا بدەنەوە، چاوەڕێی وەڵامتان دەکەین، ئەگەر دەرفەتی تەندروستی ڕێگە بدات، هیوادارین لە نزیکەوە بتانناسین و سڵاوی خۆشک و برایانەی خۆمانتان پێشکەش بکەین.
ب.ک