پەرلەمانی ئەڵمانیا لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان داوایەک ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

سەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا داوا و پێشنیار دەکات، کە لەپێناو پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا ناوچەی ئارام و دژە فڕین دروست بکرێت، بۆ ئەوەش داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی و فەرەنسا دەکات پێشنیارەکە بدەنە نەتەوە یەکگرتووەکان.


ڕۆدریش کیسەویت، پەرلەمانتار و سەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا ئەمڕۆ لەلێدوانێکیدا بۆ دامەزراوەی میدیای ئەڵمانیا ناسراو بە "دۆتچلاند فونک" قسەی کرد و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لە پێناو پاراستنی کوردانی سوریا ناوچەی ئارام دروست بکەن.

کیسەویت، کە ئەندامی پارتی دیموکراتی مەسیحی حوکمڕانی ئەڵمانیایە ئەو وڵاتانە ئاشكرا دەکات کە پێشنیارەکەی بۆ کردوون و دەڵێت:"ئەڵمانیا و فەڕەنسا دەتوانن ئەم پێشنیارە بدەنە نەتەوە یەکگرتووەکان".

ناوبراو، باسی لەوەش کردووە، کە پێویستە ڕێگە بەتورکیا نەدرێت ئۆپەراسیۆن دژی سوریا ئەنجام بدات، داگیرکارییەکنی پێشووی تورکیاشی بۆسەر عەفرین، باب و جەرابلوس و عەزاز و جێگاکانی دیکەی باکوری سوریا بە"داگیرکاریی" ناوبردووە و لەو چوارچێوەیەدا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە کوردەکانی سوریا لە هێرشێکی دیکەی تورکیا بپارێزێت.

ئەو لێدوانەی ڕۆدریش کیسەویت دوای ڕاپۆرتی هەفتەی ڕابردووی پسپۆڕانی پەرلەمانی ئەڵمانیا دێت کە تیایدا ئاماژەیان بەوەکردبوو" بەپێی ماف و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان هەبوونی تورکیا لە سوریا داگیرکارییە".

ڕاپۆرتەکە لەلایەن ئیدارەی خزمەتگوزاری زانستی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیاوە ئامادەکرابوو، تیایدا دەستنیشان کرابوو کە هەبوونی سەربازی تورکیا لە ناوچەکانی عەفرین، باب، جەرابلوس و عەزازی باکوری سوریا دا بەپێی حقوقی نێودەڵەتیی داگیرکاریەکی سەربازییە.

 

ش.ف