پەنابەران لە یۆنان لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین

هاوڵاتیانی کورد، عەرەب، ئەفغانستانی، ئێرانی و ئەفریقی، بۆ ئەوەی بەرەو یۆنان تێپەڕن دەریای ئیجە دەبڕن و لە یۆنان لە کامپەکاندا دەگیرێن، ئەو پەنابەرانە لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین.


بەهۆی هەبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، هەروەها بەهۆی هەبوونی دەوڵەتە مافیاییەکانی ناوچەکە و بازرگانییەک، کە بە پەنابەران و گیانی مرۆڤەکانەوە دەکرێت، هاوڵاتیان ناچار دەبن پێبنێنە ڕێگای مردنەوە و بەرەو ئەوروپا بەڕێکەون.

سەرچاوەیەکی ڕۆژنیوز، کە سەردانی کامپی سامۆسی یۆنانی کردووە، باس لە دۆخی زۆر خراپ و سەختی ژیانی پەنابەرانی ئەو کامپە دەکات.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، کە خزمەتگوزاری پێویست نادرێتە پەنابەران و ئەو خزمەتانەی دەشکرێن زۆر خراپن، بەشێکی زۆری ئەو خواردنەی دەدرێتە پەنابەران ناخورێت و فڕێی دەدەن، بۆ وەرگرتنی ئەو خواردنە خراپەش دەبێت چەند کاتژمێرێک لە سەرەدا بمێننەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستیی لە کامپەکەدا نییە، کاتێکیش کەسێکی نەخۆش پێویستی بە دەرمانی چارەسەری دەبێت، بەرپرسانی کامپەکە پێی دەڵێن، بچێت بۆخۆی بیکڕێت، واتە بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی.

لە وێنەکاندا دەردەکەوێت، کە کامپەکە لەژێڕ زبڵ شاراوەتەوە و کەسیش خەم لە پاککردنەوەی ناخوات، ئەوەش تەندروستیی پەنابەرەکانی زیاتر لە هەموو شتێکی دیکە خستووەتە مەترسییەوە.

ئەو کامپە بۆ ٧٠٠ تا ١٠٠ کەس دروستکراوە، بەڵام چوار هەزار بۆ چوار هەزار و ٥٠٠ کەس تێیدا جێگرکراون.

٧٠٪ی دانیشتووانی کامپەکە لەژێر چادر و بەتانیدا دەژین و کارەبایان نادرێتێ.

ک.ک