چالاکییەکان بۆ ئۆجالان بەردەوامییان هەیە

چالاکییەکان بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، کە ماوەی سێ ڕۆژە لەسەر بانگەوازیی کەجەکە دەستیان پێکردووە، تا دەچێت بەرفراوانتر دەبن.


ئێوارەی دوێنێ هاوڵاتیانی کوردی دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپا و دۆستانیان لە فەرەنسا، نەمسا، ئەڵمانیا، سویسرا و سوید بەمەبەستی شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی ئۆجالان ڕژانە سەر شەقامەکان.

چالاکی لە شاری مارسیلیا و پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە چادرهەڵدان بەردەوامی پێدرا، لە چالاکی مارسیلیادا موراد جەیلان، سیاسەتمەداری کورد قسەی کرد و وتی، کە گۆشەگیرکردنی ئۆجالان گۆشەگیرکردنی گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

هەروەها لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا لە سێیەمین ڕۆژی چالاکییەکەدا بڵاوکراوە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکرا و وابڕیارە چالاکییەکە تا سبەی بەردەوامیی پێبدرێت.

لە شارەکانی مانهەیم و فرانکفورتی ئەڵمانیاش بە هەڵدانی چادر و دانانی ستاند و دابەشکردنی بڵاوکراوە بەردەوامیی بە چالاکییەکان درا.

لەلایەکی دیکەوە لە شارەکانی لوزەرن و زیوریخی سویسرا و ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید هەر بەو مەبەستە خۆپیشاندان  و چالاکی ئەنجامدرا.

جێگای ئاماژەیە، کە دەوڵەتی تورک لە تەمموزی ٢٠١١ وە تا ئێستا ڕێگای نەداوە بە پارێزەرانی ئۆجالان سەردانی ئیمرالی بکەن، هەروەها خانەوادەی ئۆجالانیش نزیک بە دوو ساڵە ڕێگایان پێنەدراوە چاویان بە ئۆجالان بکەوێت.

هەر ئەوانەش گەلی کوردیان سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و ئاسایشی ئۆجالان نیگەران کردووە، بۆیە کۆما جڤاکێن کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لە ڕۆژی ٥ی ئابدا بانگەوازیی گەلی کورد، هێزە دیموکراسیخوازەکان، شۆڕشگێڕەکان و سۆسیالیستەکانی تورکیا، کوردستان و ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپای کرد، بە تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری سەر ئۆجالان و لە دژی فاشیزم تێبکۆشن.

هەر لەسەر ئەو بانگەوازییە، ٨ی ئاب کەجەدەکەی ئەوروپا بەرنامەی خۆپیشاندانەکانی بۆ پشتگیریرکردنی ئۆجالان لە سەرتاسەری شارەکانی ئەوروپا بڵاوکردەوە و داوای لە هاوڵاتیانی کوردی دانیشتووی ئەوروپا کرد، کە بەشداریکردن لەو خۆپیشاندانانەدا وەک ئەرکێکی مرۆیی سەیربکەن.

ک.ک