چالاکییەکان بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بەردەوامن

لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج و شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا، بەمەبەستی شەرمەزارکردنی گۆشەگیرکردنی عەدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، چالاکی ئەنجامدرا.


ئێوارەی دوێنێ لە شارەکانی ئۆسلۆ و فرانکفۆرت لە سەر بانگەوازییەک کە سەرەتا کەجەکە ڕۆژی ٥ی ئاب و پاشان کەجەدەکەی ئەوروپا دوێنێ واتە ٨ی ئاب بڵاویان کردبووەوە، خۆپیشاندان لە دژی گۆشەگیرکردنی ئۆجالان ئەنجام درا.

لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بەمەبەستی شەرمەزارکردنی ئەو گۆشەگیرکردنە و هەروەها پشتگیریکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، چالاکییەکی سێ ڕۆژە دەستیپێکرد.

هاوڵاتیانی کوردی دانیشتووی فرانکفۆرتیش کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە، ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و تێیدا بڵاوکراوەیان لە بارەی گۆشەگیرکردنی ئۆجالانەوە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکرد.

ئەو چالاکییەش وابڕیارە سێ ڕۆژ بەردەوامیی هەبێت.

جێگای ئاماژەیە، کە دەوڵەتی تورک لە تەمموزی ٢٠١١ وە بۆ ئێستا ڕێگای نەداوە بە پارێزەرانی ئۆجالان سەردانی ئیمرالی بکەن، هەروەها خانەوادەی ئۆجالانیش نزیک بە دوو ساڵە ڕێگایان پێنەدراو چاویان بە ئۆجالان بکەوێت.

هەر ئەوانەش گەلی کوردیان سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و ئاسایشی ئۆجالان نیگەران کردووە، بۆیە کۆما جڤاکێن کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لە ڕۆژی ٥ی ئابدا بانگەوازیی گەلی کورد، هێزە دیموکراسیخوازەکان، شۆڕشگێڕەکان و سۆسیاکیستەکانی تورکیا، کوردستان و ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا کرد، بە تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری سەر ئۆجالان لە دژی فاشیزم تێبکۆشن.

هەر لە سەر ئەو بانگەوازییە، دوێنێ کەجەدەکەی ئەوروپا بەرنامەی خۆپیشاندانەکانی بۆ پشتگیریرکردنی ئۆجالان لە سەرتاسەری شارەکانی ئەوروپا بڵاوکردەوە و دوای لە هاوڵاتیانی کوردی دانیشتووی ئەوروپا کرد، کە بەشداریکردن لەو خۆپیشاندانانەدا وەک ئەرکێکی مرۆیی سەیربکەن.

س.ح