چۆن بازرگانی بە تاشدەمیرەوە کرا؟

گولیزار تاشدەمیر کرایە قوربانی بۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی دەوڵەتانی تورکیا و نەرویج، نیگار عینایەتی، ئەنجامنی ئەنجومەنی شارەوانیی ئۆسلۆ لەو بارەیەوە دەدوێت. 


ڕۆژی ٤ی تەموز گولیزار تاشدەمیر لەلایەند دەوڵەتی نەرویجەوە ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرایەوە، ئەوە لە کاتێکدا بوو، کە تاشدەمیر وەک پەنابەری سیاسی ڕووی کردبووە وڵاتی نەرویج، نیگار عینایەتی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دواوە و هۆکارە نهێنییەکانی ئەو ڕادەستکردنەوەی خستووەتەڕوو.

تاشدەمیر لە ساڵی ٢٠١٥دا چووە نەرویج، لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆسییەکەیدا  نۆ مانگی خایەند و سەرئەنجام داواکاریی مافی پەنابەرێتییەکەی لەلایەن دەوڵەتی نەرویجەوە ڕەتکرایەوە، پاشان لە ساڵی ٢٠١٧دا چووە ئەڵمانیا، دەوڵەتی ئەڵمانیاش بە بەهانەی یاسای دوبلین ڕەوانەی نەرویجی کردەوە.

گولیزار تاشدەمیر ڕۆژی ٢ی تەموز لەلایەن دەوڵەتی نەرویجەوە دەستگیرکرا، ماوەی دوو ڕۆژ بەندکرا و پاشان لە ڕۆژی ٤ی تەموزدا ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرایەوە.

دەوترێت، تاشدەمیر لە ئێستادا لە ناوەندی پۆلیسی دژەتیرۆری ئەستەنبوڵدا دەستگیرکراوە و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە لە دەستدا نییە.

نیگار عینایەتی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی ئۆسلۆ کە لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە لەگەڵ تاشدەمیر لە پەیوەندیدا بووە لەبارەی دۆسییەکەیەوە دەڵێت: تاشەمیر بەهۆی بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و نەرویج ڕادەست کرایەوە، تاشدەمیر سەبارەت بەو چالاکییانەی لە ناوخۆی تورکیا ئەنجامی داون و هەروەها ئەو چالاکییانەی دواتر ئەنجامی داون، بەڵگە و وێنەی زۆری ئاراستە کرد، لە وڵاتانی ئەوروپادا هەزاران هاوڵاتی مافی پەنابەرێتییان دراوەتێ بەبێ ئەوەی چالاکیی سیاسییان ئەنجام دابێت، بەڵام کەسێک کە لە تورکیادا سزای بەسەردا بڕاوە ڕادەستی دەوڵەت دەکرێتەوە.
وتیشی: دەڵێن تورکیا دەوڵەتی نەرویجی خەڵەتاندووە، بەڵام ئێمە دەزانین کە دەوڵەتی تورک ناتوانێت نەرویج بخەڵەتێنێت، کەوایە بەپێی ڕێککەوتن و بۆ بازرگانییەکی دوولایەنە تاشدەمیر ڕادەست کراوەتەوە.

عینایەتی ئەوەشی وت: لەنێوان تورکیا، ئەڵمانیا و نەرویجدا پیانگێڕییەکی دژی کورد بەڕێوەدەچێت، لە سێ مانگی ڕابردوودا ٢٤٥ کەسی سەربە بزوتنەوەی فەتحوڵا گولەن سەردانی نەرویجیان کردووە، دەوڵەتی تورک ئەو کەسانەی لە نەرویج دەوێتەوە، تاشدەمیر بە دەست نەخۆشی دڵ و نەخۆشی خوێنەوە ئازاری دەچەشت، ئەو کاتەی سەر فڕۆکە خرا ئازاری هەبوو، دەوڵەتی نەرویج لە ئاستی گیانی تاشدەمیردا بەرپرسیارە.

لەکۆتاییشدا باسی لە هاوکاریی دەزگا سیخوڕییەکانی تورکیا و نەرویج کردووە و ڕایگەیاندووە: ئەو وێنانەی کە میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، ئەو وێنانەی کە لەلایەن تاشدەمیرەوە ڕادەستی دەوڵتی نەرویج کراون، هەموو نهێنییەکان و چالاکییەکانی تاشدەمیر، واتە دۆسییەی تاشدەمیر بە تەواوەتی دراوە بە دەوڵەتی تورک، ئەو کردەوەیە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەوەش دەیسەلمێنێت کە دەوڵەتی نەرویج و دەوڵەتی تورکیا نەک لە ڕووی نەزانینەوە بەڵکو بە پێی ڕێککەوتنێکی پێشوەختەوە بازرگانییان بە کەیسی تاشدەمیرەوە کردووە.


 ک.ک