چیلی، لەسەر داوای کرێکاران ١ ملیۆن هاوڵاتی ڕژانە سەر شەقام

لەسەر بانگەوازیی یەکێتی کرێکارییەکانی چیلی تەنیا لە شاری سانتیاگۆی پایتەخت، یەک ملیۆن کەس دژی سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەت ڕژانە سەر شەقامەکان.


ماوەی هەفتەیەکە خەڵکی چیلی دژی سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەت بەردەوام لەسەر شەقامن و خۆپیشاندان دەکەن، چوارشەممەی ڕابردوو یەکێتی کرێکارییەکانی ئەو وڵاتە بانگەوازییان لە خەڵک کرد، تا دژی دەوڵەتی چیلی گەورەترین خۆپیشاندانی ناڕەزایی مێژوویی ئەو وڵاتە تۆمار بکەن، بۆیەش دوێنێ تەنیا لە شاری سانتیاگۆی پایتەخت زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ڕژانە شەقامەکانی ئەو شارە.

خۆپشاندانەکانی چیلی هەفتەی ڕابردوو بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر بەرزبوونەوەی بەهای بلیتی میترۆ لە سانتیاگۆ دەستیپێکرد، بەڵام دوای بانگەوازیی کرێکاران بۆ مانگرتنی سەرتاسەری بەرفراوانتر بوو و ئێستا داوا دەکرێت سباستیان پینرا سەرۆک کۆمار و حکومەتەکەی دەست لەکار بکێشنەوە.

هەرچەند دوای بەرفراوانبوونی خۆپیشاندانەکان سباستیان پینرا، بەهای بلیتەکانی میترۆی کەمکردەوە و داوای لێبوردنی لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد و بەڵێنی دا، کە چاکسازی لە سیاسەتە ئابوورییەکانی بکات و بیانخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام خۆپیشاندەران ئێستا داوای دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی دەکەن و بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕینەکانیان.

خۆپیشاندەران بە پێشەنگایەتیی کرێکاران، جگە لە دەستلەکار کێشانەوەی سەرۆک کۆمار و حکومەتەکەی داوایان کردووە، حەقدەستەکان زیادبکرێت، خزمەتە تەندروستیی و پەروەدەییەکان باشتر بکرێن و دەستووری بنەڕەتیی ئەو وڵاتە بگۆڕبدرێت.

بە گوێرەی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە چیلی، لە خۆپیشاندانەکانی هەفتەی ڕابردوو تا ئێستا بە لانیکەمەوە ١٩ کەس لە خۆپیشاندەران کوژراون، ٥٨٥ کەس برینداربوون و دوو هەزار و ٨٤٠ کەسیش دەستگیر کراون.

ش.ف