چین بەخێوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان ڕادەگرێت

حکومەتی چین بە پێدانی پارە بە بەخێوکەران، بەخێوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان ڕادەگرێت.


دوابەدوای ئەوەی پشتڕاست کرایەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەندێک نەخۆشیی دیکە لە ڕێگەی ئاژەڵە کێوییەکانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، دەوڵەتی چین هەوڵدەدات بەخێوکردنی ئەو ئاژەڵانە ڕابگرێت.

بە گوێرەی ئاژانسی فەرمیی شین هوا، کاربەدەستانی چین لە هەندێک لە پارێزگاکانی چین، بە پێدانی پارە بە کێڵگەدارەکان، بە نیازە هانیان بدات بەخێوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان ڕابگرن و لە شوێنی ئەوە، ئاژەڵەکانی دیکە بەخێو بکەن.

لە پارێزگای هونان و شەش پارێزگای دیکە، کاربەدەستان هەموو ئاژەڵە کێوییەکانی لەوانە؛ مارەکان، مشکەکان و پشیلەکان (لە جۆری زۆباد)، کە دەوترێت هۆکاری گواستنەوەی کۆرۆنا بوون، کڕیوە و کۆیان کردووەتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، دەوڵەتی چین پرۆژەیەکی پەسەند کردووە کە بەخێوکردنی هەموو ئاژەڵە کێوییەکان کە گۆشتیان بۆ خواردن بەکاردەهێنرێت، سنووردار بکات.

ک.س