چین: هیوادارین ئێران ناهوشیارانە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نەکشێتەوە

دوای ئەوەی دوێنێ ئێران ڕایگەیاند، کە دیسان بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کەم دەکاتەوە، وڵاتی چین هیوای خواستووە کە ئێران ناهوشیارانە و بە ناکاو لە ڕێکەوتنەکە نەکشێتەوە.


ئەمڕۆ لە چین، 'وانگ یی' وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە میانەی دیداری لەگەڵ وەلید موعەلیم هاوپیشە سورییەکەی، داوای لە هەموو وڵاتانی کەنداو کردووە کە لە بەرامبەر گرژییەکان دوای هێرش بۆسەر دوو کەشتییە نەوتبەرەکە لە دەریای عومان دان بەخۆیانەوە بگرن.

'وانگ یی' هەروەها داواشی لە ئێران و ئەمریکا کرد تا لە دەستبردن بۆ هەندێک کردەوە کە ئاکامەکەی دیار نییە بە جدی خۆیان دوور بگرن، هیواشی خواستووە کە ئێران ناهوشیارانە و بە ناکاو لە ڕێکەوتنەکە نەکشێتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ ئێران ڕایگەیاند، بۆ جاری دووەم، بەشێک لە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کەم دەکاتەوە و هەر شەوی ڕابردووش دۆناڵد ترامپ فەرمانی بە ناردنی هەزار هێزی تازە داوە بۆ کەنداو.

س.ح