چین کڕینی نەوتیی لە ئێران ڕاگرت

کڕیارانی سەرەکی چینی کڕینی نەوتیان لە ئێران ڕاگرتووە، سەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن، کە چوونەدەرەوەی نەوت لە بەندەرەکانی ئێران نابینرێت.


ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەپشتبەستن بە سەرچاوە نەوتیەکانی خۆی ڕایگەیاندووە کە کۆمپانیای 'سینوپەک' و 'کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی چین' کە دوو کۆمپانیای دەوڵەتی خاوەنی گەورەترین پاڵاوگەکانی وڵاتی چین-ن، هاوردە کردنی نەوتیان لە ئێران ڕاگرتووە.

پێش لابردنی لێخۆشبوونەکانی ئەمریکا بۆ هەشت وڵات بۆ بازرگانی کردن لەگەڵ ئێران، بەپێ ئامارەکانی گومرکی چین، هاوردەکردنی نەوتی ئێران لە سێ مانگی دەستپێکی ئەمساڵدا لە ڕۆژێک ٤٥٠ هەزار بەرمیل بووە.

ڕۆیتەرز، هۆکاری بڕیاری ڕاگرتنی هاوردەکردنی نەوتی ئێران لەلایەن ئەو کۆمپانیا چینیانەی گەڕاندووەتەوە بۆ نیگەرانییان لە گەمارۆکانی ئەمریکا، هەرچەند دەوڵەتی چین بەفەرمی دژایەتی بڕیارەکەی ئەمریکا کرد، بەڵام کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی چین، ئامادە نیین لە بڕیارەکەی ئەمریکا لابدەن.

ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی چاودێری هاتووچۆی کەشتییەکانیش، ئاشکرایکردووە لە دوو هەفتەی ڕابردوو، هیچ کەشتییەکی نەوتبەر لە بەندەرەکانی ئێران نەچووەتە دەرەوە، بەپێ ئەو ڕاپۆرتە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ دەرەوە لە ڕێگەی دەریاوە بە کردەوەیی ڕاگیراوە.

د.ع