چەتەکانی تورک ٤٠٠ دار زەیتوونیان لە عەفرین بڕی

چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک لەناوچەی شەرا لە عەفرین زیاتر لە ٤٠٠ دار زەیتوونیان بڕی، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیش تا ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار دار زەیتوون لە عەفرین بڕاونەتەوە.


بەپێی زانیارییەکانی خەڵکی عەفرین، لە گوندی کەفەرجەنە لەناوچەی شەرای عەفرین، چەندین داری زەیتوون لەلایەن چەتەکانەوە بڕدراون.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، گروپێکی چەتەکانی لیوا ئەلوەقاس لەگوندی سەنارێ و هێکێچە لەناوچەی شیای عەفرین ٤٠٠ داری زەیتوونی تەمەن ٤٠ ساڵیان بڕیوەتەوە.

ئەو دارانەی بڕدراون

"٧٠داری زەیتوون هی هاوڵاتی حەسەن سەبری لە گوندی سەنارێ، ٥٠ داری زەیتوون هی هاوڵاتی لوقمان قازرقلی دالۆ لەگوندی هێکێچە، ٤٠ داری زەیتوون هی هاوڵاتی مستەفا محەمەد حەسەن لە گوندی هێکێچە، ١٠٠ داری زەیتوون هی وەلید سولەیمان ئیبراهیم لە گوندی هێکێچە و ١٥٠ داری زەیتوون هی محەمەد سولەیمان ئیبراهیم لە گوندی هێكێچە، ٣٠ داری هاوڵاتییەکی دیکەش بڕاوە".

١٠ هەزار دار زەیتوون بڕاونەتەوە

دەوڵەتی تورک بە بڕینەوەی دار زەیتوون دەیەوێت دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت و داگیری بکات، هاوڵاتیانیش ناچار دەکات شوێنەکانیان جێبهێڵن یان داگیری دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین، لەسەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە لەلایەن سوپای داگیرکەری تورک و گروپە چەتەکانەوە، زیاتر لە ١٠ هەزار دار زەیتوون بڕاونەتەوە.

د.ع