چەتەکانی داعش هێرشیان کردەسەر پۆلیسی دیالە لە خانەقین

ژماره‌یه‌ک چەتەی داعش هێرشیان کرده‌سەر خاڵێکی سه‌ربازی پۆلیسی فریاکه‌وتنی دیالە له‌ خانه‌قین و لە هێرشەکەدا پۆلیسێک کوژرا و ئەفسەرێکیش بریندار بوو.


ئەمشەو ژماره‌یه‌ک چەتەی داعش هێرشیان کرده‌سەر خاڵێکی سه‌ربازی پۆلیسی فریاکه‌وتنی دیالە له‌ خانه‌قین.

سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ پۆلیسی فریاکه‌وتنی دیاله‌ له‌ خانه‌قین به‌ ڕۆژنیوزی وت: ئەمشەو ژماره‌یه‌ک چه‌کداری داعش هێرشیان کردوەته‌ سه‌ر گوندی مەحمه‌د عه‌باس له‌ ناوچه‌ی گڵه‌ی باکوری خۆرئاوای خانه‌قین و له‌ ئه‌نجامدا  پۆلیسێک کوژراوه‌ و ئه‌فسه‌رێکیش به‌ پله‌ی ڕائید بریندار بووە و به‌هۆی سه‌ختی برینه‌که‌ی گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی بەعقوبه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشی: نزیکەی نیو کاتژمێر پێکدادان دروست بووه‌ له‌نێوان پۆلیسی و تیرۆریستانی داعش.

گوندی مەحمه‌د عه‌باس ناوبه‌ناو کرده‌وه‌ی تیرۆریستی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، گوندەکە نزیک چه‌می ئه‌ڵوه‌نه‌ له‌ باکوری خۆرئاوای خانه‌قین.

شه‌وی ڕابردووش ژماره‌یه‌ک چه‌کداری داعش هێرشیان کرده‌ سه‌ر خاڵێکی سه‌ربازی له‌  گوندی مه‌حمه‌د شیربه‌گ له‌ خۆرئاوای خانه‌قین و نزیکه‌ی نیو کاتژمێر پیکدادان دروست بوو له‌نێوان پۆلیسی خانه‌قین سه‌ر به‌ هه‌رێمی کوردستان و چه‌تەکانی داعش.

 

ک.ک