ڕاپۆرتى ١٨ مین دانیشتنى گشتى کەنەکە بڵاو کرایەوە

كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان-كه‌نه‌كه، ئه‌نجامى هه‌ژده‌مین کۆبوونەوەى گشتیی خۆى بڵاوكرده‌وه، تێیدا ئاماژەیان بەوەرکردووە، کە پێکهێنانى یەکێتى نەتەوەیى لە سەرووى کارەکانییانەوە دەبێت و ئەوەش بە ڕەخنەیەکى گەورە دەزانن، کە یەکێتى نەتەوەیى هەتاوەکو ئێستا پێک نەهاتووە.


ئەمڕۆ، ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێو‌به‌ری کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان- کەنەکە، ئەنجامى کۆبوونەوەى گشتى کەنەکە-ى بڵاوکردەوە، کە ڕۆژى ٢٦ تا ٢٨ى ئەم مانگە لە وڵاتى هۆڵندا ئەجامدرابوو.

ده‌قی ئەنجامنامەی ھەژدەمین کۆبوونەوەى گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان:

کۆبوونەوەى ١٨ی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، لە ڕۆژانی ٢٦-٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨دا بە بەشداریی ئەندام و میوانانی کەنەکە، لە ژێر درووشمی 'بەئامانجی دیالۆگ و ئاشتیی ناوخۆیی' بەڕێوەچوو، لە سەرانسەری ئەوروپا، لە ڕوسیاوە ھەتاوەکو ئوسترالیا، ئەندامانی كەنەکە و نوێنەرانی ڕیکخراوە کوردستانییەکان بەشداربوون، ھەروەھا لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانەوە گەلێک کەسایەتی و پارت و ڕێکخراو ئامادەی کۆبوونەوەکان بوون و پەیامی خۆیان سەبارەت بە دیالۆگ و ئاشتیی ناوخۆیی لە جڤاتی گشتیدا ڕاگەیاند.

تەوەری سەرەکی لە سەرەتای وتووێژەکاندا بە گشتیی بارودۆخی ئێستای کوردستان بوو، لەو چوارچێوەیەدا ڕووداوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەریی سیاسەتی جیھانیی لەسەر کوردستان ھاتە بەر باس و وتووێژ، لە لایەکی دیکەوە دۆخی ڕێکخراوەیی کەنەکە، ھەڵسەنگێندراو لەو بارەیەوە بڕیاری گرنگ دران.

نوێنەرانی گەلی ئاسوری- سریانی- کلدانی باسی بارودۆخی ئاسوریەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان کرد، سەرنجیان ڕاکێشایە سەر پتەوکردنی ھاوکاریی نێوان کوردان و ئاسوری، ھەروەھا نوێنەرانی پێکھاتەی زەردەشتی، عەلەوی، ئێزدی، یارسانی، فەیلی، بە فراوانی و بە دەنگێکی بڵند بەشداری کۆبوونەوەى گشتیی کەنەکە، بوون و جەختیان لەسەر مافی دیموکراتی و خۆبەڕێوەبەریی کردەوە، ژنان بە فراوانی باسی داخوازییە دیموکراتیکەکانیان لە ھەندێ پارچەی کوردستاندا ھێنایە زمان.

لە کوردستان:

شیکردنەوەکان لەسەر بارودۆخی کوردستان لەسەر بنامای یەکێتی ناوخۆیی کران، بە تایبەتی ھەڵوێستی ھێرشکارانەی تورکیا و ئێران بە وردی دەستنیشان کران،کاریگەریی ئێران لەسەر سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق و سوریا و کاریگەریی ئەنجامە خراپەکانی ئەو سیاسەتە لەسەر کوردستان، وەک مەترسیەکی گەورە باسکرا، ڕەفتار و کردە دوژمناکارییەکانی تورکیاش لە ھەموو ڕوویەکەوە ھاتە بەر باس، تورکیا و ئێران لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان بە ھاوکاریی یەکتر دژایەتی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، تاکو بتوانن زۆرترین زیان بە بزاڤی نیشتیمانی و نەتەوەیی کوردستان بگەیەنن، داگیرکاریی تورکیا لە عەفرین و دەورەبەری، ھەروەھا لە نێوان باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان وەک ھەرێمی برادۆست و دەوروبەری، ناوچەی بادینان و شارۆچکەو گوندەکانی ئەو دەڤەرە، کە چەندین بنکەو بارەگای ھێزەکانی تورکیای لێکراوەتەوەو دژ بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان بەکاردەھێنرێن، وەک ھەڕەشەیەکی مەزن دەستنیشان کران.

ڕووداوەکانی ١٦ی تەموزی ٢٠١٧ کاتێک، کە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بە ھاوکاریی دەوڵەتانی داگیرکەر ھێرشیان کردە سەر باشووری کوردستان، ئێستا بووە بە کێشەیەکی نەتەوەیی، دوای ئەو ھێرشانە گۆڕانکاریی لە سنووری باشووری کوردستاندا ڕوویاندا، ھێزەکانی عێراق زۆر ناوچەیان داگیرکرد، ئەو ڕووداوانە ھەر بە تەنیا پرسی باشووری کوردستان نین و نەبوون، بەڵکو کاریگەرییان بەسەر بارودۆخی ھەموو کوردستانەوە ھەیە، بە کورتی ئەتوانین بڵێین داگیرکەران ڕیفراندۆمیان کردە بیانوو بۆ تێکدانی باشووری کوردستان، ھەروەھا ئەو ھێرش و داگیرکاریانە تورکیاى ھاندا، کە زیاتر دەستدرێژی بکات و درێژە بەو ھێرشانە بدات، داگیرکردنی عەفرین لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەچوو.

داگیرکردنى عەفرین، بەردەوامیی داگیرکردنی کەرکوک بوو، لە لایەکی دیکەوە ئێرانیش ھەنگاوی خۆی ناو بە بەرچاوی ئێمەی کوردان و ھەموو دنیاوە لە ٧ی ئەیلولدا ھێرشی کردە سەر پارتەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە شاری کۆیە و لە ڕۆژێکدا ٢٦ شۆڕشگێڕی کوردی کۆمەڵکوژ کرد، ھەر لە ھەمان ڕۆژدا سێ شۆڕشگێڕی دیکەی لە سێدارە داو، سیانی دیکەشی لە سنە شەھید کرد، ئێران بە ھێرشانەی ئەوەی دووبارە کردەوە، کە لە کوشتنی کوردان-دا سنوورکان ناناسێ.

تورکیا و ئێران بە ھەمانھەنگی سیاسەتی ئابڵوقە لەسەر کوردستان پەیڕوە ئەکەن، ئامانجیان تێکشکاندنی دۆزی کوردستانە، تورکیا و ئێران بە پراکتیکی لە ناوخۆی و دەرەوەشدا ھێرشی تاوانکارانە ئەنجام دەدەن، گرتن، کوشتن، لە سێدارەدان، تاڵانکردن، سوتاندن و وێرانکردن، کردەی ڕۆژانەیانە، تورکیا و ئێران پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆشیان لەگەڵ ئەمەریکا و ڕوسیاو ھاوکارەکانیان دژی کوردان بەکاردێنن، بەردەوام لە ھەوڵی ئەوەدان زیاتر چواردەوری بزافی نیشتیمانی نەتەوەیی کوردستان بەرتەنگ بکەنەوە، حکومەتی تاران و ئەنکەرە بەردەوام فشاری زیاتر دەخەنە سەر بەغدا و شام تاکو زیاتر دەست بخەنە بینەقاقای خەڵکی کوردستان.

لەژێر ڕۆشنیایی ئەم ڕاستیانەدا، لە لایەکەوە لە کوردستان بەرخۆدانێکی بێوێنە ھەیە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە کێشەو قەیرانەکان قووڵتر بوونەتەوە، چارەسەرنەکردنی قەیرانەکانی کوردستان بە گشتی ئاستەنگ دەخەنە بەردەم تێکۆشان لە دژی نەیاران و دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنێن، کە لە ھەر ڕوویەکەوە دەرفەتیان ھەبێت، ھێرشەکانیان فراوانتر بکەن، ئەم بارودۆخەش لە جڤاتی گشتیدا ھەڵوەستەی لەسەر کرا، ھەڵسەنگێندراو کەوتە بەر ڕەخنەو وەک مەترسیەکی مەزن ئەژمارکرا،ھەر لەبەر ئەو ھۆیەش بۆ جڤاتی گشتیی ١٨ی کەنەکە، درووشمی 'بە ئامانجی گەشەپێدانی دیالۆگ و ئاشتیی ناوخۆیی' ھەڵبژێردرا، کە مەبەست لێی بەھێزکردن و باش کردنی بەرەی ناوخۆیە، ھەنگاوی یەکەمینیش بۆ ئەو پرسە گەشەپێدانی دیالۆگ و ئاشتیی ناوخۆییە.

لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست:

کوردستان لە ناوجەرگەی ڕۆژاھەڵاتی ناوەڕاستدایە، تورکیا و ئێرانیش زۆر نامرۆڤانە بەردەوامن لە سیاسەتی داگیرکاریانەی خۆیان،ھەردوو حکومەتی عێرا ق و سوریا بێ ئیرادەن و بوونەتە پاشکۆی سیاسەتەکانی ئێران و دژی بەڕێوەبەرێتی ڕۆژاوا و باشوور بەکاردەھێنرێن، دەوڵەتە عەرەبییەکانی دۆستی ئێران و تورکیاش لەسەر سیاسەتی شۆڤێنی و دواکەوتوویی خۆیان بەردەوامن، سەرەڕای ئەم ھەموو کێشە و ئاڵۆزی و قەیرانانەی دەوڵەتانی داگیرکەر، خەڵکی کوردستان لە ڕووی ئامادەیی و بوون و سیاسەتەوە، بزاڤێکی بەھێزی ئەو ناوچەیەیە، لە ئێستادا دەوڵەتە گەورەکانی دنیا لە ناوچەکەدا، حسابێکی زۆر بۆ ئەو دینامیکە کوردستانییە دەکەن، ھەبوونی ئەو ھێزە جیھانی و نێودەوڵەتییانە، ھەرچەند ئەگەر لەبەر بەرژەوەندیەکانی خۆشیان بێت، لە ئەنجامدا پێویستیان بەو دینامیکە ھەیە، بە شێواز و فۆرمی جۆراوجۆر پەیوەندی خۆیان لەگەڵ ھێزە کوردستانیەکان ڕێکدەخەن، کەنەکە داوا لەو ھێزە گەورانە دەکات کە لە ناوچەکەدان، سیاسەتی خۆیان لەسەر زیانگەیاندن بە بزاڤی نیستمانی و نەتەوەیی و خەڵکی کوردستان لە ھەرێمەکەدا دانەڕێژن و لەو چوارچێوەیەدا سیاسەتێکی ڕوون و پۆزەتیڤ بەڕێوەببەن، بێگومان دانوستانی دۆستانە لەگەڵ دینامیکە کوردستانییەکان بۆ ئەوانیش سودمەند دەبێت، ھەروەھا پێویستە ھێزە کوردستانیەکانیش لەگەڵ ئەو ھێزە نێودەوڵەتیانە لە پەیوەندیەکی ھاوسەنگ و ھاو بەرژەوەندیدا بن.

لەسەر ئاستی دنیا:

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەزگایەکی گەورەی نێونەتەوەییە، بەداخەوە ئەم دەزگایە لە ئاست دۆزی خەڵکی کوردستاندا بێدەنگ و بێھەڵوێستە و ئەرکی مرۆڤانەی خۆی لەو بارەیەوە بەجێ ناگەیەنێت، کەنەکە، دوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، کە لە چوارچێوەی فۆڕمی دیموکراسی، ئازادی و یەکسانی، مافی مرۆڤ و ئەخلاقیدا، لەسەر پرسی کوردستان ھەڵوێستە بکەن و گوشار بخەنە سەر دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، تاکو ماف و داخوازیەکانی گەلی کوردستان بسەلمێنن، کەنەکە، داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەکات کورسیەکی نوێنەرایەتی بدەن بە خەڵکی کوردستان، ئیدی کاتی ئەوە ھاتووە ئەو داخوازییە بە کردار جێبەجێ بکرێت.

پرسی یەکێتیی نەتەوەیی:

کەنەکە، وەک ھەموو جارێک ئەم پرسە لە سەرەوەی ڕۆژەفی خۆى دادەنێت و لە دۆزی کوردستاندا وەک پرسێکی مان و نەمان حسابى دەکات، بەداخەوە تا ئێستاش پێشکەوتنێکی بەرچاو لەم ڕووەوە نەھاتووەتە دی، ئەمەش کەموکووڕیەکی گەورەی ھەموو لایەنە کوردستانیەکانە، کەنەکە لە داھاتوودا زیاتر لەسەر ئەم پرسە ڕادەوەستێت و کاری جدیی بۆ دەکات، ھەروەھا کەنەکە داوا لە دینامیکە کوردستانیەکان دەکات لەبەرامبەر یەکتر زمانێکی ئارام و درووستکەر و نیشتمانیانە بەکاربێنن، دەستەواژەی نێگەتیڤ بەرامبەر یەکتر بەکار نەھێنن، چونکە ئەبێتە ھۆکاری لێکدوورکەتنەوە.

ڕێکخستنەوەی کەنەکە

٢٠١٩ بیستەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنى کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانە، کۆبوونەوەى گشتیی کەنەکە، لە بیستەمەین ساڵوەگەڕیدا بەڕێوەدەچێت. کەنەکە لە ١٩٩٩وە لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندایە، لەگەڵ ھەموو بێ ئیماکانیەتیی، کەموکووڕیدا، ئەوا نزیکەی ٢٠ ساڵە بۆ یەکێتییەکی ناوخۆیی بە ھەموو توانایەوە لە تێکۆشاندایە، کەنەکە، بۆ پێکھێنانی یەکێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی، بەڕەنجی ئەندامە خۆبەخشەکانی بەردەوام لە کاردایە، کەنەکە،دەستکەوتێکە، باخچەیەکە بە ڕەنجی ھەموو ئەندامەکانی دامەزراوە، ھەربۆیە پێویستە بپارێزرێت، لەسەر بنەمای ڕوانین و داخوازی ھەموو ئەندامانی.

 پێویستە کەنەکە لە ٢٠ ساڵه‌ی خۆیدا ڕیفۆرمێکی جدیی بکات، لە ڕووی پڕۆگرام، فۆرم و سترەکتورەوە پێویستی بە نوێبوونەوە و گۆڕینی ھەمەلایەنە ھەیە، بەو بیروباوەڕەوە کەنەکە، ئەتوانێت لە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی دۆزی کوردستاندا ھەنگاوی گەورە بنێت، لەو چوارچێوەیەدا  دەبێت لە ڕووی داڕشتنی بەڵگەی سترایژی نەتەوەییەوە نویکاریی بکات، ھەروەھا لە ڕووی سیاسی، ئابووری، سەربازی و پەیوەندییەوە بتوانێت بەڵگەی ڕێپیشاندەر پێشکەش بکات.

چالاکییە بڕیار لەسەردراوەکان:

کەنەکە وەکو ھەموو ساڵێك بەردەوام دەبێت و کارو خەباتی و پلانسازیی خۆی جێبەجێ دەکات، لە مەودای ساڵی ٢٠١٩دا کۆمیتەی ھاوبەشی دیپلۆماسیی پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان ئەکتیڤتر دەکات و دیپلۆماسییەکی بەھێزتر بەڕێوە دەبات، لە ھەموو پارچەکانی کوردستانەوە شاندی جۆراو جۆر بانگھێشت دەکرێن و لە ولاتە جۆراوجۆرەکان کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنیان بۆ ڕێکدەخرێت.

کەنەکە بۆ ڕزگارکردنی عەفرین تێکۆشانی بەھێز دەکات،ھەروەھا سەبارەت بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان خەباتێکی بەھێزتر بەڕێوە دەبات، لەسەر پرسی ژن، پێکھاتەو باوەڕە جیاوازەکانی کوردستان، لە ڕووی سیاسی، دیموکراتیزەکردن و پرسەکانی کۆمەڵگە ھەوڵ و تێکۆشانی خۆی چڕتر دەکاتەوە، بۆ پاراستن و خاوەندارێتی لە پێکھاتە ئیتنیەکانی کوردستان وەک ئاسوری و عەرەب و ئەوانیدیکە درێژە بە کارو خەبات دەدات.

کەنەکە، گرنگییەکی تایبەت بە دەزگاو ڕێکخراوە جیھانییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنسەی ئەوروپا، پەرلەمان ئەوروپاو دەزگا ھاوشێوەکان دەدات و بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە گەڵیاندا لە پەیوەندیدا دەبێت، کۆنفرانسی نێونەتەوەیی تایبەت بە پرسی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپاو وڵاتانی جۆراو جۆر ڕێکدەخات، بە تایبەتیش لەسەر دۆخی ڕۆژئاوا و پرسەکانی ئەو پارچەیە، ھەتاکو سیستەمی ڕۆژئاوا بە ڕەسمی بناسرێت، کۆنفرانس و سیمیناری تایبەت بەڕێوەدەبات.

کەنەکە، لە بیست ساڵەی دەستگیرکردنی سەرۆکی کەجەکە، بەڕیز عەبدوڵا ئۆجەلان، کۆڕو سیمینار و چالاکی ھەمەچەشنە ڕێکدەخات، سەرەتا بە بەشداریی و ئامادەبوونی نوێنەرانی نەتەوەیی و نیشتیمانی، دوای ئەوەش بە بەشداری و ئامادەبوونی ناودارانی جیھانی.

د.ع