پۆلیسی ڕوسیا زیاتر لە دوو هەزار خۆپیشاندەری لایەنگری ئەلکسی ناڤالنی ڕەخنەگری پوتینی دەستگیرکرد.
دوێنێ بە هەزاران لایەنگری ئەلکسی ناڤالنی ڕێبەری ناسراوی ئۆپۆزیسیۆن و ڕەخنەگری ڤلادمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕوسیا، کە چەند مانگ لەمەوبەر ژەهرخواردکرا و دوای وەرگرتنی چارەسەر لە ئەڵمانیا لەم ڕۆژانەی دواییدا گەڕایەوە بۆ ڕوسیا و دەستگیرکرا، بۆ پشتیوانی لە ناڤالانی ڕژانە ناو شەقامەکانی مۆسکۆی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ڕوسیا و خۆپیشاندانیان کرد.

خۆپیشاندەران لە مۆسکۆی پایتەخت کە ژمارەیان زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس بەراورد دەکرا، لە مەیدانی پوشکین دروشمی “ناڤالنی ئازاد بکەن” و “پوتین جێمان بێڵە”ـیان بەرز کردەوە.

ڕێکخراوی “ئو ڤی دی” ڕایگەیاند: پۆلیسی ڕوسیا دژی خۆپیشاندەران توندوتیژیی بەکار هێناوە و نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ کەسی دەستگیر کردووە کە تەنیا ٩٠٠ کەسیان لە مۆسکۆی پایتەخت دەستگیرکراون.
جێگای ئاماژەی، ئەلکسی ناڤالنی، یەکشەممەی هەفتەی ڕابردوو، دوای پێنج مانگ لە ئەڵمانیا گەڕایەوە و هەر دوای گەڕانەوەی لە فڕۆکەخانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕوسیاوە دەستگیرکرا.
ب.ک