ڕوسیا سیستمی بەرگریی ئێس ٣٠٠ دەداتە سوریا

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، کە دەستیانکردووە بە پێدانی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێس٣٠٠ بە ڕژێمی سوریا، ئەوەش دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا و خستنەخوارەوە فڕۆکەیەکی ڕوسیا لەلایەن سیستمی بەرگریی سوریاوە بە هەڵە.


شەوی ڕابردوو سێرگی لاڤرۆڤ، لە پەرواێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند، کە پاش ئەوەی فڕۆکەی جۆری ئیلۆشن٢٠ی ڕوسی بەهەڵە لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە خرایە خوارەوە، سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس٣٠٠ دەدەنە سوریا.

ئەوە لە کاتێکدایە کە سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی ڕوسیا ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، کە سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس٣٠٠ لەم هەفتەیەدا دەدرێتە سوریا.

لاڤرۆڤیش ڕایگەیاند، کە وابڕیاربوو سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئێس٣٠٠ لە ساڵی ٢٠١٠دا بدرێتە سوریا، بەڵام بەهۆی هۆشدارییەکانی ئیسرائیلەوە ئەو کارە تا ئەمڕۆ دواخراوە.

وتیشی، لە ئێستدا دۆخەکە گۆڕاوە و ئەو گۆڕانەش بەهۆی کردارەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا ڕوویداوە.

شەوی ١٨ی ئەم مانگە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشێکیان کردە سەر شاری لازقییەی سوریا، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سوریش وەڵامی ئەو هێرشەی دایەوە و بە هەڵە فڕۆکەیەکی جەنگیی ڕوسیای کردە ئامانج، کە ١٤ سەرنشینی تێدابووە.

ب.ل