سوپای ڕووسیا لە هەشتەمین ڕۆژی هێرشەکانیان بۆ سەر ئۆکراین، چوونە سەنتەری شاری خارسۆن-ی ئۆکراین و بەرپرسانی کیێڤیش کۆنترۆڵکردنی شارەکەیان لەلایەن ڕووسیاوە پشتڕاست کردەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ڕووسیا چووەتە ناو سەنتەری شاری خارسۆن-ی ئۆکراین، کە یەکێکە لە ناوچە ستراتیژییەکانی ئۆکراین و دەکەوێتە سەر دەریای ڕەش.
دوێنێ وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا کۆنترۆڵکردنی شارەکەی لەلایەن سووپای ڕووسیاوە ڕاگەیاند، بەڵام ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئۆکراین هەواڵەکەی ڕەتکردەوە و جەختی لە بەردەوامیدان بە پاراستنی ناوچەکە لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە کردەوە.
بەڵام ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری بەرپرسانی کیێڤی پایتەختی ئۆکراینەوە هەواڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو شارەی پشتڕاست کردەوە.
کۆنترۆڵکرنی ئەو شارە ستراتیژییە کە دەکەوێتە سەر دەریای ڕەش، دەبێتە یەکەم شاری ئۆکراین کە سوپای ڕووسیا لەماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا چووبێتە سەنتەری شارەکەوە.
لەلایەکی دیکەوە بڕیارە ئەمڕۆ گەڕی دووەمی دانووستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین لە بیلاڕووسیا بەڕێوەبچێت و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانیش ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەبێت.
ب.ل