وتەبێژی سەرۆکایەتی ڕووسیا ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی پرسی ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە بولگاریا لەبەرچاو دەگرێت و ئەگەر پێویست بکات سەرۆکی ڕووسیا لەم بابەتە ئاگادار دەکرێتەوە.
دیمیتری پێسکۆڤ، لە بارەی هەڵوێستی بولگاریا بۆ دەرکردنی ٧٠ دیپلۆماتکاری ڕووسی ڕایگەیاند، ئەو پرسە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا تاوتوێ دەکرێت، ئەگەر پێویست بکات سەرۆک کۆمار ئاگادار دەکرێتەوە.
پێشتریش ئێلینۆرا میترۆفانۆڤا، باڵیۆزی رووسیا لە بولگاریا رایگەیاندبوو، لە پاشخانی بڕیاری دەرکردنی 70 دیپلۆماتکاری ڕووسی لە بولگاریا، پرسی داخستنی باڵیۆزخانەکە لە سۆفیای پایتەختی بولگاریا لەبەردەم سەرکردایەتی ڕووسیا دەوروژێنێت.
پێستریش کیریل پێتکۆڤ، سەرۆک وەزیرانی بولگاریا، دەرکردنی ٧٠ دیپلۆماتکاری ڕووسی ڕاگەیاند کە گوایە دەستیان لە چالاکیی “سیخوڕی”دا هەبووە.
بەپێی ئەو تۆمەتانەی سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا زۆربەی ئەو دیپلۆماتانە کاریان بۆ کەی جی بی (دەزگای هەواڵگری ڕووسی) کردووە، چالاکییە دیپلۆماسییەکانیان وەک بەرگ بەکارهێناوە.
ها-غ