وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی بەتەواویی شاری ئەندرێڤکایان لە ناوچەی دۆنێتسکی ئۆکراین کۆنترۆڵ کردووە، ئەوەش بووە سێیەم ناوچە کە ڕووسیا لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لە ئۆکراین کۆنترۆڵی بکات.
کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە:”لە ئەنجامی چالاکییە سەربازییەکانی هێزەکانمان، شاری ئەندرێیڤکا لە کۆماری گەلی دۆنێتسک بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای ڕووسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بە ئاڕاستەی شاری ڤۆدیانۆیە. ئەمڕۆش ڕووسیا کۆنترۆڵکردنی بێلۆگۆرۆڤکا و بێرچی تراڤنیای لە دۆنێتسکیش ڕاگەیاند.
پێشتریش، دێنیس پوشلین، سەرۆکی کۆماری دۆنتێکس بە وەکالەت باسی لە هێرشەکانی هێزەکانی ڕووسیا لە شاری ئۆگلیدار کرد و بەوتەی ئەو، دەکرێت چاوەڕوانی کۆنترۆڵکردنی ئەو شارەش بکرێت لەنزیک ترین کاتدا.
ب.ل