ڕۆحانی، پوتین و ئەردوغان لە تورکیا کۆدەبنەوە

سەرۆک کۆمارەکانی ئێران، ڕوسیا و تورکیا لەسەر کێشەی سوریا لە کۆشکی چانکایای ئەنقەرە کۆدەبنەوە.


ئەمڕۆ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران، ڤلادمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕوسیا و ئەردوغان-ی سەرۆکی تورکیا لە کۆشکی چانکایای ئەنقەرەی پایتەخت کۆدەبنەوە.

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ئێران، شەوی ڕابردوو حەسەن ڕۆحانی گەیشتووەتە ئەنقەرە، پێش ڕۆشتنیشی بۆ ئەنقەرە لە فڕۆکەخانەی مێهرئاباد بە ڕاگەیاندنەکانی وڵاتەکەی وتووە: ترۆریستەکان لە ئیدلب بوونیان هەیە و بەردەوامی شەڕ لەگەڵیان لەو ناوچەیە پێویستە، لە ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی فورات، سوریا کێشەی هەیە، بوونی ئەمریکییەکانیش دەستێوەردان و نایاساییە و بووەتە هۆی نائارامی ئەو ناوچەیە، ڕۆحانی هەروەها نیگەرانی خۆی لە هێرشەکانی ئیسرائیل دەربڕیوە و وتوویەتی: هێرشەکانی ئیسرائیل بەشێک لە نیگەرانییەکانی ناوچەکە و ئەم سێ وڵاتەیە.

هەر دوێنێ یوری ئوشاکۆف جێگری سەرۆک کۆماری ڕوسیا بە ئاماژەدان بە سەردانی پوتین بۆ تورکیا وتی: جگە لە تاووتوێی کردنی کێشەی سوریا لە کۆبوونەوەی ڕۆحانی و پوتین، لەسەر هاوکارییەکانی دوولایەنە و هەروەها ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە قسە دەکرێت.

ئوشاکۆف هەروەها وتوویەتی: لەم دیدارەدا سەرۆکانی هەرسێ وڵات، وردەکارییەکانی دۆخی ئیدلب و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تاووتوێی دەکەن، چونکە ئەم ناوچانە لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی ناوەندی نیین.

بڕیار وایە هەرکام لە سەرۆک کۆمارانی ئەم سێ وڵاتە پێش دانیشتنە سێقوڵییەکەیان، دووبەدوو لەگەڵ یەک کۆببنەوە و تەوەرە هاوبەشەکانیان تاوتووێ بکەن.

س.ح