یەكشەممە, 31 ماي 2020 – 09:20 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
شەوی ڕابردوو، ئۆتۆمبێلی تەلەفزیۆنی خورشید-ی ئەفغانی بە ١٥ کارمەندەوە بۆمبێکی چێنراوی پێدا تەقییەوە و بەهۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و ڕۆژنامەنوسێک کوژران، ئەوەش دووەم هێرشی تیرۆریستییە دەکرێتە سەر کارمەندانی ئەو تەلەفزیۆنە ئەفغانییە لەماوەی ئەمساڵدا.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تەلەفزیۆنی خورشید ڕایگەیاندووە، لەو هێرشەدا هەریەک لە پەیامنێری ئابووری میر واحید شا و شەفیق ئەمیری شۆفێر کە هاوکات کارمەندی بەشی تەکنیک بووە کوژراون، هەروەها حەوت کارمەندی دیکەی کەناڵەکەش برینداربوون.
تەقینەوەکە لە کاتێکدایە کە حکومەتی کابوڵ ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی و ئازادکردنی دیلەکانی تاڵیبان، چەکدارانی تاڵیبان ڕەتیانکردەوە تەقینەوەکە دەستی ئەوانی تێدابێت، لە بەرامبەردا ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاندووە.
دوای ڕووداوەکە هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ ئیدانەی هێرشەکەیان کرد، بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامەنوسانی بێسنور، ئەفغانستان مەترسیدارترین شوێنە بۆ کاری ڕۆژنامەنوسان، بەوپێیەی وڵاتەکە ماوەی دوو دەیەیە شەڕو نائارامی بەردەوام بەخۆیەوە دەبینێت.
بەجۆرێک تەنها ساڵی ٢٠١٨ پانزە ڕۆژنامەنوس لەو وڵاتە کوژراون کە ئەوەش بە خوێناویترین ساڵ دادەنرێت بۆ ڕۆژنامەنوسان لەو وڵاتەدا، ساڵی ٢٠١٦ش بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکەوە حەوت ڕۆژنامەنوسی تەلەفزیۆنی تلوع کوژران.
ک.س