ڕۆژی توڕەیی لە پاریس بەڕێوەچوو

هێلەک زەردەکان جارێکی دیکە گەڕانەوە شەقامەکانی پاریسی پایتەختی فەرەنسا و خۆپیشاندانی ڕۆژی توڕەییان ئەنجامدا، لە خۆپیشاندانەکاندا ٣١ خۆپیشاندەر دەستگیرکران.


ئەمڕۆ هەزاران خۆپیشاندەر لە پاریس جارێکی دیکە ڕژانەوە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانی "ڕۆژی توڕەیی"یان بەڕێوەبرد.

لە خۆپیشاندانەکاندا شەڕ و پێکدادان لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران ڕوویدا و پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا و هەروەها ٣١ خۆپیشاندەریش دەستگیرکران.

خۆپیشاندەران چەندین ڕێگەی سەرەکیان داخست و ئاگریان کردەوە و چەندین دوکان و ئۆتۆمبێلیان سوتاند و حکومەتیش ئەوان بە فەرهودچی تۆمەتبار دەکات.

لە ڕۆژی ١٧ی ١١ی ٢٠١٨وە خۆپیشاندان لە پاریس دەستی پێکردووە، سەرەتا لە دژی گرانی نرخی سوتەمەنی و بەرزیی باج خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و ئێستاش داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەکەن.

 

ک.ک