ڕێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور: توركیا گه‌وره‌ترین زیندانه‌‌ بۆ ڕۆژنامه‌نووسان

ڕێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور ڕاپۆرتێكی ده‌رباره‌ی دۆخی ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ریی له‌ جیهان بڵاوكرده‌وه، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ توركیا له‌ ڕیزبه‌ندی ژماره‌ ١٥٧ی ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ریدایه و گه‌وره‌ترین زیندانه‌‌ بۆ ڕۆژنامه‌نووسان.


ڕێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور، كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی له‌ پاریسه‌ ده‌رباره‌ی بارودۆخی ئازادیی ڕۆژنامه‌نووسی له‌ جیهان ڕاپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، ژماره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی، كه‌ ڕۆژنامه‌نووسان بتوانن تیایدا به‌ ئازادیی و له‌ ئاسایشدا كاری خۆیان بكه‌ن ڕۆژ به‌ ڕۆژ كه‌متر ده‌بێتەوە، ڕژێمه‌ ئۆتۆریته‌ره‌كان باڵاده‌ستیی خۆیان به‌سه‌ر میدیادا زیاتر ده‌كه‌ن.

ڕێكخراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌ دۆخی ڕۆژنامه‌گه‌ری له ‌١٨٠ ده‌وڵه‌تدا كردووه‌، به‌ گوێره‌ی لیسته‌كه‌ نه‌رویج یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌ته‌ له‌ ڕووی ئازادیی كاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی و توركمانستان-یش دواهه‌مین ده‌وڵه‌ته، هه‌روه‌ها ڕووسیا، ڤه‌نزوێلا و چین چه‌ند پله‌یه‌ك له‌ ڕووی ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ پاشه‌كشه‌یان كردووه‌.

له‌نێو ڕاپۆرته‌كه‌دا له‌ كۆی ١٨٠ ده‌وڵه‌ت ته‌نیا ٢٤ ده‌وڵه‌تیان به‌ 'باش' یان 'باشتر' ده‌ستنیشان كراون، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ساڵی ڕابردوو ژماره‌كه‌ ٢٦ بوو.

ڕێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور ڕاشیگه‌یاند، له‌ توركیا دۆخی ڕۆژنامه‌گه‌ریی خراپتر بووه‌، دوای هه‌وڵی كوده‌تای ١٥ی ته‌مووزی ٢٠١٦ فشاره‌كان له‌سه‌ر میدیا زیادیان كردووه‌، توركیا بۆ ڕۆژنامه‌نووسان بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین زیندان، بووه‌ته‌ شتێكی نائاسایی كه‌ مرۆڤ به‌ر له‌وه‌ی دادگه‌یی بكرێت ساڵێك له‌ زینداندا ده‌هێڵدرێته‌وه، هه‌روه‌ها ئاستی سانسۆر له‌سه‌ر ئینته‌رنێت و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌رز بووه‌ته‌وه‌، كاربه‌ده‌ستان هه‌وڵ ده‌ده‌ن دیمه‌نه‌كانی ئینته‌رنێتیش كۆنتڕۆڵ بكه‌ن.

د.ع