ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی هۆشداریی دەدات لە بەکارهێنانی دەرمان بۆ کۆرۆنا

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی هەر چارەسەرێکی کۆرۆنا بەبێ تاقیکردنەوەی پێشوەخت و دەڵێت: هیوایەکی درۆیانە و مەترسیدارە.


ڕێکخراوەکە ئێستا لەگەڵ کۆمپانیاکان سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی پزیشکیین لەسەر ئاستی جیهان بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێدانی زانیاریی تەواو بە وڵاتان لەسەر چارەسەرەکە.

تیدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند: ئامارەکان وامان لێدەکات پەلە بکەین لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی فریاگوزاریی بۆ توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ئامانجی پاراستنی ژیانی زۆرترین کەس.

ئەدهانۆم وتیشی، ژمارەیەک پزیشک هیدرۆکسی کلۆرۆکوینی چارەسەری مەلاریا بۆ کۆرۆنای نوێ بەکاردەهێنن، لە زۆربەی جیهانیش ئەو چارەسەر بەکاردەهێنرێت، بەڵام هەندێکی تر گومانیان هەیە لە بەکارهێنانی ئەو چارەسەرە و پێیانوایە دەرکەوتەی خراپی دەبێت، تا ئێستاش ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش ئەو چارەسەری پەسەند نەکردووە.

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دووپاتیشیکردەوە، کە بەکارهێنانی هەر چارەسەرێکی کۆرۆنا بەبێ تاقیکردنەوەی پێشوەخت لەم کاتەدا، هیوایەکی درۆییانەیە و مەترسیدارە.

بەپێی نوێترین ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە بەیانی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، تا ئێستا ۳۸۱ هەزار و ۷٦۱ کەس دووچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ۱٦ هەزارو ٥٥۸ کەس گیانیان لەدەستداوە و ۱۰۲ هەزار و ٤۲۹ کەس چاک بوونەتەوە.

 

ش.ف