ڕێکخراوی “پزیشکانی نێودەوڵەتی بۆ پێشگرتن لە شەڕی ئەتۆمی” لەسەر قسەکانی موراد قەرەیلان، داوای لێکۆڵینەوە لە ئاسەواری بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە شەڕی گارە دەکات.
لەسەر قسەکانی موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە، کە وتبووی؛ “لە شەڕی گارەدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک چەکی کیمیاویی بەکارهێناوە و کۆمەڵکوژیی پێکهێناوە”، ڕێکخراوی “پزیشکانی نێودەوڵەتی بۆ پێشگرتن لە شەڕی ئەتۆمی” (IPPNW)، داوایکردووە لێکۆڵینەوە و پشکنین لە ئاسەواری شەڕی گارە بکرێت.
لەو بارەدا “د. گیسەلا پێنتکر” بەرپرسی ڕێکخراوی پزیشکانی نێودەوڵەتی بۆ پێشگرتن لە شەڕی ئەتۆمی لە تورکیا، ڕایگەیاند: بۆ ئەوەی لە باری زانستییەوە پشتڕاست بکرێتەوە کە ئایا گازی کیمیاوی بەکارهاتووە یان نا، ڤیدیۆ و وێنە لە شوێنی شەڕەکە بەس نییە، پێویستە شاندێکی پسپۆر بچنە ناوچەکە و لێکۆڵینەوە بکەن.
د. پێنتکر، هەروەها وتی: تەنانەت ئەگەر پسپۆرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بچنە ناوچەکە و پشتڕاستی بکەنەوە کە چەکی قەدەغەکراو بەکارهاتووە، پرۆسەی سزادانی تاوانکاران دوور و درێژە، چونکە بەکارهێنانی گازی کیمیاوی قوربانیی سیاسەت دەکرێت.
د. پێنتکر هەروەها وتی: هەرچەند دەوڵەتی تورکیا ئەندامی ناتۆش بێت، دەبێت چەکی کیمیاویشی هەبێت، لە شەڕی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە،دا لەدژی گەلی کورد و سیاسەتی قڕکردنی لە ڕۆژئاوادا، وڵاتانی ڕۆژئاواش تاوانبارن، لەم شەڕانەی دوواییدا دژی کوردەکان، ئەگەر پشتڕاستیش نەکرێتەوە کە چەکی کیمیاویی بەکارهێناوە، تورکیا بە داگیرکردنی خاکی سوریا و عێراق، یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشل کردووە، کە بەپێی هەمان یاسایانە، ئەمکارە تاوانە، هێزە ڕۆژئاواییەکانیش هاوکاری ئەم تاوانەن.
ب.ک