ڕێکخراوەکان داوادەکەن ئەرکی جاوید ڕەحمان درێژ بکرێتەوە

ڕیکخراوەکانی بەرگریکاری مافی مرۆڤی ئێرانی و نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان کردووە ئەرکی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران درێژ بکرێتەوە، کە لە سێ مانگی داهاتوودا کۆتایی بە کارەکانی دێت.


ئەمڕۆ ٤٢ ڕێکخراو و دامەزراوەی بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و جیهان، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە لە دانیشتنی داهاتووی خۆیاندا ئەرکی جاوید ڕەحمان لەسەر تۆمار و ڕاپۆرتی پێشلکارییەکانی حکومەتی ئێران درێژ بکەنەوە.

ڕێکخراوەکان لە بەیاننامەکەیاندا جەختیان لە ڕۆڵی ئەرێنی ناوبراو کردووە بۆ گەیاندنی دەنگی قوربانییەکانی پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، هەروەها ئاماژەشیان بە لادانەکانی ئێران لە ڕەچاوکردنی مافی هاوڵاتیانی ئێران کردووە، بە تایبەت پێشلکاری ئازادییە سەرەتاییەکان وەک؛ ئازادی ڕادەربڕێن، ئازادی گردبوونەوە و خۆپێشاندان و لەسێدارەدانی منداڵان.

جاوید ڕەحمان ڕێپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، دووەمین ڕاپۆرتی خۆی کە ٣٠ی کانوونی دووەم ئامادەی کردووەو ٤٠ـەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی کرد، لە راپۆرتەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەردەوامی خۆپێشاندانەکان لە ئێران نیشانەی ناڕەزایەتی درێژمەودای خەڵکە لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ، ناوبراو بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی کە ساڵێکە، لە کارەکەی دووربخرێتەوە، ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە.

س.ح