هەینی, 17 أبر 2020 – 10:07 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
دوابەدوای ڕەخنەکان لە چین لەسەر دەستکاریی ئاماری تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە وڵاتەکەی، ئەمڕۆ حکومەتی ئەو وڵاتە، پێداچوونەوەی بە ئامارەکانیدا کرد.
بەپێی ئەو ئامارە تازەیەی چین بڵاویکردووەتەوە، بە گشتی چوار هەزار و ٦٣٢ کەس لەو وڵاتە بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە، کە بە یەکجاری و لە ڕۆژێکدا ١٢٩٠ کەس زیادکراوە بە ئاماری پێشوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی شارەوانی ووهان، لە دەستپێکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، ژمارەیەک لە تووشبووان بێ ئەوەی دەستیان بە چارەسەری پزیشکی بگات لە ماڵەکانیان گیانیانلەدەستداوە، بۆیە لەناو ئامارە فەرمیەکانی چین جێیان نەگرتووە.
پێشتر ڕۆژنامەی ‘واشنتۆن پۆست’ی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی لەسەر ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ووهان بڵاوکردبووەوە و رایگەیاندبوو کە تەنها لەو شارەدا ٤٢ هەزار کەس بە کۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە.
هەر دوێنێش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا لەو چوارچێوەیەدا ڕایگەیاند: هەندێک ڕووی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە چین ناڕوونە، جەختیشی لەوە کردەوە کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە چین، هەندێک شت ڕوویداوە کە ئێمە ئاگامان لێی نییە.
ک.س