ژمارەی كوژراوەكانی كابول بەرزبووەوە، داعش بەرپرسیارەتیی گرتە ئەستۆ

ژمارەی كوژراوەكانی تەقینەوە یەك لەدوا یەكەكانی كابولی پایتەختی ئەفغانستان گەیشتە ١٥ كوژراو، ٢٠ كەسیش بریندارن، داعش بەرپرسیارەتی دوو لە تەقینەوەكانی گرتە ئەستۆ.


بەیانی ئەمڕۆ لە كابۆلی پایتەختی ئەفغانستان سێ تەقینەوەى یەك لە دوای یەك ڕوویدا، دوو تەقینەوە لە ناوجەی ١٦ و تەقینەوەیەكیش لە ناوچەی نۆهەم ڕوویدا، لە هێرشی یەكەمدا، خۆكوژێك لە ڕێگەی ماتۆڕسكیلێكەوە خۆی بە پاسێكی كارمەندانی وەزارەتی كانزا تەقاندووەتەوە، چەند خولەكێك دوای یەكەم تەقینەوە، هەر لەو دەوروبەرە، تەقینەوەی دووەم ڕوویداوە، تەقینەوەی سێیەمیش لە گەڕەكی (دەسپیچەری) لە ناوچەی نۆیەم ڕوویداوە.

ڕوویتەرز بڵاویكردووەتەوە كە چەتەكانی داعش لەسەر ماڵپەڕێكی خۆیان ڕایانگەیاندووە كە دوو لەو تەقینەوانە لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدراوە.
 
بە وتەی كاربەدەستانی ئەفغانستان ژمارەی كوژراوەكان تا ئێستا گەیشتووەتە ١٥ كەس و ٢٠ برینداریش گەیەندراونەتە نەخۆشخانەكان، بەڵام پێدەچێت بەهۆی قورسی برینی هەندێكیان، ژمارەی كوژراوەكان بەرز بێتەوە.

د.ح