ژمارەی مردووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ١٣٢ کەس بەرزبووەوە

ڤایرۆسی کۆرۆنای کوشندە تەنگی بە ووهانی چین هەڵچنیوە، ژمارەی مردووانیش بەو ڤایرۆسە بۆ ١٣٢ کەس بەرزبوویەوە.


دەسەڵاتدارانی چین ئەمڕۆ بڵاویانکردەوە، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ شەش هەزار کەس بەرزبوویەوە، لەو ڕێژەیەش ١٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە چەند وڵاتێکی دیکەش حاڵەتەکە بینراوە.

ئیمارات یەکەم حاڵەتی کۆرۆنای تۆمار کرد

وەزارەتی تەندروستی ئیمارات ڕایگەیاند، پشکنینیان بۆ خێزانێک کردووە کە لە شاری ووهانی چینەوە گەڕاونەتەوە وڵات، دەرکەوتووە کەسێکیان دووچاری کۆرۆنا بووەو ئێستا دۆخی تەندورستی باشەو لەژێر چاودێری وردی پزیشكاندایە.

چوارەم حاڵەتی کۆرۆنا لە فەرەنسا تۆمار کرا

ڕۆژی سێشەممە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا چوارەم حاڵەتی تووشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان لە وڵاتەکەیان ڕاگەیاند، بەپێی لێدوانی وەزیری تەندروستی فەرەنسا، توشبووەکە کەسێکی تەمەن ٨٠ ساڵەو ئێستا لە پاریس چارەسەر وەردەگرێت، بەڵام دۆخی مەترسیدارە.

ئەمریکا بە فڕۆکەیەک ٢٤٠ هاوڵاتی خۆی لە ووهانەوە گەڕاندەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆکەیەکی تایبەت، ٢٤٠ هاوڵاتی ئەمریکی لە ووهانەوە گەیەنرانەوە ئەمریکا، هەروەها تەواوی کارمەندانی قونسوڵخانەی ئەمریکا لە ووهان گەڕێنرانەوە وڵاتەکەیان.

هاوکاری نێودەوڵەتی

رێکخراوی پاراستنی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە، بە زووترین کات پسپۆڕانیان دەنێرنە چین بە ئامانجی گۆڕینەوەی ڕاو بۆچونی هەردوولا لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە دووچاری قوڕگی مرۆڤ دەبێت و دەبێتە هۆی هەڵئاوسان و هەوکردنی.

سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا سکۆت مۆریسن داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد تەواوی گەشتەکانیان بۆ هەرێمی هۆبی و شاری ووهان هەڵپەسێرن تا ئەوکاتەی ڕەوشەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ دەکرێت.

لە ئێستاشدا ٦٠٠ هاوڵاتی ئوسترالی لە هەرێمی هۆبی چین گیریان خواردووەو بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان.

مۆریسن باسی لەوەشکرد لەگەڵ وڵاتی نیوزلەندا لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیەکانیان کە ماوەی ١٤ ڕۆژە لە دوورگەی کریسماس ماونەتەوە.

س.ح