ژمارەی چاکبوونەوەی توشبووانی کۆرۆنا هیوا بەخشە

لەگەڵ هەڵکشانی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهاندا، ڕێژەی چاکبوونەوەش زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس.


لە کۆی ٣٩١ هەزارو ٩٤٧ توشیووی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان، تا ئێستا تەنها ١٧ هەزار و ١٣٨ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ١٠٢ هەزار و ٨٤٣ توشبوویان چا‌کبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ماڵەکانی خۆیان.

وڵاتی چین کە مەڵبەندەکەی هەرێمی هۆبی بوو بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، توانییان لەڕێگەی کەرەنتینە و خۆپارێزییەوە کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکە بکەن و ڕۆژانە کەمتر لە ٢٠ کەس دووچاری ڤایرۆسەکە دەبن و بۆ چەند ڕۆژێکیش هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکرا لەو هەرێمە.

لە سەرانسەری چین لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو تا ئەمڕۆ ٨١ هەزار و ١٧١ کەس دووچاری ڤایرۆسەکە بوون و لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٢٧٧ توشبوو گیانیان لەدەستداوە و ٧٣ هەزار و ١٥٩ کەسیش چاکبوونەتەوە.

ئیتاڵیاش، کە ئێستا زۆرترین مردن بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تیایدا تۆمار کراوە بەراورد بە وڵاتانی جیهان و لەکۆی ٦٣ هەزار ٩٢٧ توشبوو، حەوت هەزار و ٤٣٣ کەسیان تا ئێستا چاک بوونەتەوە و شەش هەزار و ٧٧ توشبووشیان گیانیان لەدەستداوە.

ئیسپانیا تا ئێستا لە کۆی ٣٩ هەزار و ٦٧٣ توشبووی ڤایرۆسەکە، سێ هەزار و ٧٩٤ کەسیان چاک بوونەتەوە و دوو هەزار و ٦٩٦ توشبووش گیانیان لەدەستداوە.

لە ئێرانیش ٢٤ هەزار و ٨١١ کەس دووچاری ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش تا ئێستا هەشت هەزار و ٣٧٦ کەس چاکبوونەتەوە و هەزار و ٩٣٤ توشبووش گیانیان لەدەستداوە.

لە هەرێمی کوردستانیش کە تا ئێستا ٩١ حاڵەتی تێدا تۆمار کراوە، ٢٢  نەخۆش بەتەواوی چاکبووەتەوە و تەنیا دوو حاڵەتی مردن تۆمار کراوە، ئەوانیتر هەموویان لەژێر چاودێریی پزیشکییدان.

 

ش.ف