ژمارەی کوژراوەکانی سریلانکا گەیشتە ٢٩٠ کەس

بەپێی دوایین ئامارەکان ژمارەی کوژراوەکانی ئەو هەشت تەقینەوەیەی، کە دوێنێ لە وڵاتی سریلانکا ڕوویدا، گەیشتووەتە ٢٩٠ کەس و سەدان کەسیش بریندارن، ٢٤ کەسیش بە گومانی پەیوەندیی بە تەقینەوەکانەوە دەستگیر کراون.


دوێنی کاتژمێر ٨:٤٥ خولەک بە کاتی سریلانکا شەش تەقینەوەی یەک لە داوای یەک لە سێ کەنیسە و سێ هۆتێل ڕوویاندا، لە کاتێکدا پۆلیس بە دوای بکەرانی ئەو تەقینەوانەوە دەگەڕا، دوو تەقینەوەی دیکەش ڕوویاندا، کە تا ئێستا بووتە هۆی کوژرانی ٢٩٠ کەس و بریندار بوونی نزیکەی ٥٠٠ کەس.

ئەمڕۆش پۆلیسی سریلانکا ڕایگەیاندووە کە ٢٤ کەسیان بە گومانی پەیوەندیی لەگەڵ ئەو تەقینەوانە دەستگیر کردووە، بەڵام بکەرانی تەقینەوەکان ئاشکرا نەکراون و دەوڵەت ڕایگەیاندووە بەدوای بکەرانی تەقینەوەکانەوە دەگەڕێت.

درەنگانی شەوی ڕابردووش پۆلیسی سریلانکا ڕایگەیاند کە چەند بۆمبی دەستکردی لە نزیک فڕۆکەخانەی کۆلۆمبۆی پایتەخت دۆزیوەتەوە و بێکاریگەریان کردوون.

دوێنێ ئێوارە ڕانیل ویکر مسینگە، سەرۆک وەزیرانی سریلانکا ڕایگەیاند کە؛ پێویستە لێکۆڵینەوە لەوە بکەین کە بۆچی هەنگاوی پێشگیرانە هەڵنەگیراوە، من و وەزیرەکانم ئاگادار نەکراوین، لە ئێستادا کاری سەرەکیمان دەستگیرکردنی بکەرانی ڕووداوەکانە.

وەزارەتی دەرەوەی سریلانکا ڕایگەیاندووە کە ٣٦ کەس لە کوژراوەکان بیانیین، لەوانە: پێنج بەریتانی، سێ دانیمارکی، سێ هندستانی و هاوڵاتیەکی پرتوگالی، بەڵام ناسنامەی ئەوانی دیکە تا ئێستا ئاشکرا نەبووە.

ش.ف