ژنان لە زیندانی ژنانی باكركۆی ئەستەنبوڵ بەمەبەستی شەرمەزاركردنی كوشتنی ژینا ئەمینی و پشتیوانی لەو خۆپیشاندانانەی ماوەی ١٥ڕۆژە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوەدەچێت، قژی خۆیان بڕی.
ژنان لە هۆڵی بی-٦ی زیندانی ژنانی باكركۆی شاری ئەستەنبوڵ، لەپێناو ژینا ئەمینی كە لە لایەن “پۆلیسی ئەخلاقی”ی ئێرانەوە كوژرا، قژی خۆیان بڕی.
ئەو ژنە زیندانیانە، بە مەبەستی پشتیوانی لەو خۆپیشاندانانەی ماوەی ١٥ڕۆژە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوەدەچێت، قژی خۆیان بڕی و سڵاویان لە بەرخودانی ژنان كرد، كە بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە.
دوای ئەوەی قژی خۆیان بڕیوە، داویانە بەو ژنانەی كە لە دیداری كراوەدا سەردانیان كردبوون.
دوای گیان لەدەستدانی كچە كورد، ژینا ئەمینی لە ڕۆژی ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢، كە بە پاساوی پابەند نەبوونی تەواو بە حیجابی زۆرەملێ لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە كوژرا، ناڕەزاییەیەتی بە فراوان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران سەریهەڵدا و هەر لە یەكەم ڕۆژی ئەو خۆپیشاندانەش، ژنان وەك ناڕەزاییەتییەك لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان لە شارو شارۆچكەكان قژی خۆیان بڕی و سەرپۆشەكانیان سوتاند.
هەروەها، لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش بەشێكی بەرچاو لە چالاكوانانی بواری ژنان گرتە ڤیدیۆیی خۆیان لە كاتی بڕینی قژیان بڵاوكردەوە و بەو شێوەیە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی.
ڕ.ڕ