جارێکی دیکە سەرۆک وەزیرانی سوید هەڵبژێردرایەوە و کە یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئافرەتی سویدە، ئەوەش دوای ئەوەهات کە هەفتەی ڕابردوو دەستی لە پۆستەکەی کێشابوویەوە و ئەمڕۆش لە پەرلەمان بە جیاوازی دوو دەنگ بویەوە بە سەرۆک وەزیران.
پێشتر هەریەکە لە پارتی سۆشیال دیموکرات و پارتی ژینگە هاوپەیمانیان هەبووە بەو هۆیەشەوە سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکرات ماگدەلینا ئەندەرسۆن، بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی سوید هەڵبژێردرابوو، بەڵام هەفتەی ڕابردوو پارتی ژینگە لە هاوپەیمانێتیەکە کشایەوە و بەو هۆیەوە ماگدەلیناش دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕاگەیاندبوو.
ئەمڕۆ جاریکی دیکە دەنگدان بۆ هەڵبژرادنەوەی وەک سەرۆک وەزیران ئەنجامدرا و ماگدەلینا توانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێتەوە.
لە دەنگدانی ئەمڕۆی پەرلەماندا بە چوار حزب بە 175 دەنگ ئەو ژنەیان بە سەرۆک وەزیران هەڵبژاردەوە، لە کاتێکدا دیموکراتە سویدییەکان و لیبراڵەکان و پارێزگاران و دیموکراتە مەسیحیەکان بە 173 دەنگ دژی وەستانەوە.
ماگدەلینا ئەندەرسۆن بووە ٣٤هەمین سەرۆک وەزیرانی سوید و بە گوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەبردنی حکومەتێکی تاک حزبی تا هەڵبژاردن لە مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو لە ئەستۆی ئەو ژنە دەبێت.
ها-غ