ڤیدیۆی چالاکییەکەی زاخۆ کە ٢٠ سەربازی تورکی تێدا کوژرا بڵاوبوەوە

هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی باشوری کوردستان ڤیدیۆی ئەو چالاکییەیان بڵاوکردەوە کە دژی بارەگای سوپای تورک لە زاخۆ ئەنجامیاندا و بەهۆیەوە٢٠ سەرباز کوژران و ئۆتۆمبێلێک و ژمارەیەکی زۆر حەشارگەی سەربازییان لەناوبرد.


هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی باشوری کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بەناوی "خۆپاراستن" دیمەنی چالاکییەکەیان بڵاوکردەوە و وەک لەدیمەنەکەدا دیارە بارەگاکەی سوپای تورک لە زاخۆ لەژێر ڕێژنەی گوللـەدەیە و ژمارەیەکی زۆر حەشارگەی سەربازییش لەناودەبرێن.

هێزەکانی پارستنی جەوهەریی باشوری کوردستان، لە ٩ی ئەم مانگەدا بە ڕاگەیەنراوێک ئەنجامدانی چالاکییەکەی زاخۆیان ئاشکراکرد کە ئەمە دەقی ڕاگەیەندراوەکە بوو:

لەبەرامبەر دەوڵەتی تورک، کە لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و هەرێمی خواکورکی باشوری کوردستان داگیرکارییان دەستپێکردووە، ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٦:٠٠یەکینەکانمان لە گردی بێ لە شارەدێی بێگوڤا-ی سەر بە شارۆچکەی زاخۆ، دژی بارەگای سوپای تورک چالاکییەکیان ئەنجامدا.

لەو چالاکییەدا، لە دوو قۆڵەوە سەنگەر و بارەگای سوپای تورک کرانە ئامانج، بەشێوەیەکی کاریگەر، لە ئەنجامدا ٢٠ سەرباز کوژراون، ئۆتۆمبێلێک و ژمارەیەکی زۆر حەشارگە لە حەوشەی بارەگا سەربازییەکەدا سووتان و لەناوچوون.

دوای چالاکییەکە، سوپای تورکی داگیرکەر بە ئۆبیس و تۆپی هاوەن دەوروبەری گوندی ڕوسی و شوندرێ-یان تۆپباران کرد، دواتریش فڕۆکە جەنگییەکان گردی کۆردینە و دەوروبەری گوندی شوندرێ-یان بۆردوومان کرد.

لەو بۆردوومان و تۆپبارانانەدا، هیچ کەسێکمان لەدەستنەداوە، بەڵام زیانی مادیی بەر باخی گوندەکان کەوتووە.

ک.س