کاربەدەستانی چین قەدەغەی هاتوچۆیان لە پارێزگای هۆبی توندتر کردەوە

کاربەدەستانی چین قەدەغەی هاتوچۆیان لە پارێزگای هۆبی ناوەندی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە توندتر کردووەتەوە و لەمەولا هەرخێزانێک بۆی هەیە سێ ڕۆژ جارێک کەسێکیان بۆ کڕینی پێداویستی بێتەدەرەوە.


دوێنێ وەزارەتی تەندروستی چین، ڕایگەیاند کە ژمارەی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا 'کۆڤید-١٩' لە هەزار و ٨٠٠ کەس نزیک بووەتەوە و ژمارەی تووشبووانیش ٧٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

کاربەدەستانی چین هەروەها قەدەغەی هاتوچۆیان لە پارێزگای هۆبی کە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و ٦٠ ملیۆن کەس دانیشتووی هەیە، توندتر کردووەتەوە و هەندێک مەرجی تازەیان داناوە.

لەو چوارچێوەیەدا ڕاگەیندراوە کە پێویستە هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان نەینە دەرەوە و لەناو شار نەگەڕێن، مەگەر لە حاڵەتێکی نائاسایی نەبێت.

هەروەها ڕاگەیەندراوە لە هەرخێزانێک لە هەر سێ ڕۆژ جارێکدا بۆ کەسێکیان هەیە کە بۆ کڕینی خۆراک و پێداویستی لە ماڵ بێتە دەرەوە.

سەرەڕای ئەمانەش هەموو دوکانەکان و فرۆشگاکان و شوێنی کاسبکاران، جگە لە دەرمانخانەکان، هۆتیلەکان، ناوەندە تەندروستییەکان و فرۆشگاکانی مەوادی خۆراکی دادەخرێن.

هەروەها لە پەکینی پایتەختیش هەندێک ڕێوشوێنی جیاواز گیراوەتەبەر و لەو چوارچێوەیەدا هەر کەسێک بچێتە ناو پایتەخت، پێویستە دوو هەفتە لەژێر چاودێری بمێنێتەوە.

کاربەدەستانی بانکی ناوەندی چینیش ڕایانگەیاندووە، بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس لە ڕێگەی پارەی کاغەزییەوە، دەرمان لە پارەکان دەدەن.  

ک.س