کاردانەوەکان دژى تاقیکردنەوە مووشەکییەکەى ئێران زیاد دەبن

نوێنەری تایبەتی سەرۆکى ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە سزای ئێران بدەن لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی، بڕیار وایە ئەمڕۆش ئەنجومەنى ئاسایش، لەسەر داواى فەرەنسا و بەریتانیا تاقیکردنەوە موشەکییەکى ئێران ئیدانە بکات، هەروەها چەندین وڵاتى دیکەش لەسەر ئەو پرسە هەڵوێستیان دەربڕیوە.


حکومەتى ئێران، لە ماوەى ڕابردوودا تاقیکرنەوەیەکى مووشەکى بالستیکى ماوە مامناوەندى ئەنجامدا، کە تواناى هەڵگرتنى کڵاوەى ئەتۆمى هەیە و دەتوانێت بەشێک لە خاکى ئەوروپا و تەواوى ڕۆژهەڵاتى ناوڕاست بکاتە ئامانج.

برایان هۆک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکى ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، وتوویەتى، کە ئێران هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر جیهان و هەموو ڕۆژێکیش ئەو هەڕەشەیە گەشە دەکات، هەروەها دەڵێت: واشینتون چاوەڕی دەکات ئەوروپا هەندێک سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنێت،چونکە فشارەکانى ئەمریکا دژی ئێران بە هاوڕێیەتی ئەوروپییەکان کاریگەرتر دەبێت.

هاوکات، ئانژ وۆندر موڵ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دوێنی تاقیکردنەوە مووشەکیەکەی ئێران-ى بە کارێکی هاندەرانە وەسفکرد و بە پێچەوانەی بڕیارنامەکەی ژمارە ٢٢٣١ی نەتەوەیەکگرتووەکان ناوی برد.

ئەمڕۆش باڵیوزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کردووە هەموو جیهان دژی بەرنامەمووشەکییەکەی ئێران کار بکەن، هەروەها داوای کردووە ئەنجومەنی ئاسایش ئەو کارەی ئێران شەرمەزار بکات.

دوێنێش ماریا ئدیبار وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی ئێرانی سەرکونە کرد و داوای کرد ئێران خۆی لەو کارانە دوور بگرێت.

بڕیار وایە ئەنجومەنى ئاسایش، ئەمڕۆ دانیشتنێکى داخراو ئەنجامبدات لەسەر داواى بەریتانیا و فەڕەنسا، و ئیدانەى تاقیکردنەوە موشەکییەکەى ئێران بکەن.

د.ع