کاردانەوەکان دژی زیادکردنی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی ئێران

وڵاتانی جیهان دژی زیادکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە کاردانەوەیان نیشاندا، لەناویاندا سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتی: چیتر پەیامێکم بۆ ئێران نییە، ئەوان یاری بە ئاگر دەکەن.


ئێوارەی دوێنێ، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەکۆشکی سپی لەسەر تێپەڕاندنی ڕێژەی بەهەمهێنانی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا، هەروەها بەریتانیا، فەرەنسا و ئیسرائیل-یش هەڵوێستیان خستەڕوو.

ترامپ وتی:"ئەوان دەزانن چی دەکەن، ئەوان خەریکن لەگەڵ ئاگر یاری دەکەن، بۆیە هیچ پەیامێکم بۆ ئێران نییە".

هەروەها کۆشکی سپی-ش دوێنێ لەسەر ئەم بابەتە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: ڕێگەدان بە ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە هەر ئاستێکدا لەژێر ناوی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەڵە بوو، ویلایەتی یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی هەرگیز ڕێگە بە ئێران نادەن دەستی بگاتە چەکی ئەتۆم، فشاری ڕەها لەسەر ئێران تا ئەو کاتەی ڕێبەرانی ئێران ڕێگایان نەگۆڕن بەردەوام دەبێت، ڕژێمی ئێران پێویستە دەستبەرداری ئەو لوتبەرزییە بێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی: ڕژێمی ئێران هەنگاوی نوێی لە بەرەوپێشبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکانی هەڵگرتووە، ڕژێمی ئێران جارێکی دیکە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ وەرگرتنی باج لە کۆمەڵگای جیهانی و هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە کەڵک وەردەگرێت، گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم هیچکات بۆی نییە یۆرانیۆم لەهیچ ئاستێک بپیتێنێت.

جرمی هانت وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش بە ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلیی وتووە: "ئەگەر ئێران پابەند نەبێت بە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، پێویستە باجەکەی بدات".

هەروەها بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەکاردانەوەی بەرامبەر بابەتەکە وتی: ئەمە کردەوەیەکی ڕوون، بەروە بۆمبی ئەتۆمە، ئیسرائیل هەر بەم زووانە بەڵگە و دۆکیۆمێنتی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە دەخاتە ڕوو پیشانی دەدات کە ئێران بەردەوام لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی درۆی کردووە.

لەسەر هەڕەشەیەک کە پێشتر کردبووی، دوێنێ ئێران پشتڕاستی کردەوە، کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی یۆانیۆم لە ٣٠٠ کیلوگرام، کە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بۆی دیاری کرابوو، تێیپەڕاندووە.

س.ح