کامپێکی پەنابەران گڕیگرت و گیان لەدەستدانی ژن و منداڵێکی لێکەوتەوە

کامپی پەنابەرانی موریا لە یونان گڕیگرت و بەو هۆیەوە ژن و منداڵێک لە ئاگرەکەدا سووتاون، پەنابەرانیش دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.


شەوی ڕابردوو لە کامپی پەنابەرانی موریا لە دوورگەی لسبوس-ی یونان ئاگرکەوتەوە، دوابەدوای ئاگرکەوتنەوەکە و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی سوتان و گیانلەدەستدانی ژن و منداڵێک لەناو ئاگرەکە، پەنابەران دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و بە دەستێوەردانی پۆلیس ئاڵۆزی لێکەوتەوە.

کاربەدەستانی دوورگەکە ڕایانگەیاندووە کە تەرمی ژنێکیان بە سوتاوی دۆزیوەتەوە، هەروەها باس لەوە دەکرێت کە منداڵێکیش لەو ئاگرەدا سووتاوە، بەڵام لەلایەن کاربەدەسانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

دوابەدوای ئەم ڕووداوانە پەنابەرانی کامپەکە دەستیان کردووە بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر درەنگ گەیشتنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، پۆلیس دەستێوەردانی خۆپێشاندانەکەی کرد و بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشی کردەسەر پەنابەران و ئاڵۆزی لێکەتەوە.  

تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە ڕوون نەکراوەتەوە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە ئاگرەکە دەستپێک لە کابینەیەک کە چەندین پەنابەری تێدابووە کەوتووەتەوە و دواتر بڵاوبوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە کامپی موریا لە جزیرەی لسوس، جێگای مانەوەی نزیکەی ١٢ هەزار پەنابەرە کە زۆربەیان خەڵکی وڵاتەکانی؛ "ئێران سوریا و ئەفغانستان"ن و زۆرینەشیان لەناو چارد و کابینەکان دەژین.

ک.س