کتێبفرۆشێک کوژرا

کتێب فرۆشێک لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لە بەردەم دووکانەکەی کوژرا، ئەو کەسە پێشتر لەسەر کەیسێکی سیاسی ساڵێک لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە زیندانی کراوە، پۆلیسیش دەڵێت، بکوژەکە دەستگیرکراوە.


ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر ٠٥:٤٥ ئێوارە، لە شاری مەهاباد لە پارێزگای ئورمیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەسێک کە پیشەی کتێب فرۆشتن بوو، لە بەردەم شوێنی کارەکەی تەقەی لێکرا و کوژرا.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە هەرێمییەکان ئەو کەسە ناوی "ئیسماعیل بۆکانی" و بە "سمکۆ" ناسراوە، خاوەنی کتێبفرۆشییەک بووە بەناوی 'پەژووهش' لە شاری مەهاباد و لە ئێستادا تەرمەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە.

هەر شەوی ڕابردوو ڕەزا زەهیریان فەرماندەی پۆلیسی مەهاباد بە ئاژانسی  فەرمیی ئێرانی ڕایگەیاندووە: دوای لێکۆڵێنەوە لە شوێنی ڕووداوەکە بۆمان ڕوون بووەوە کە ئەو کەسە بە دەمانچە تەقەی لێکراوە و بکوژەکەی نیشتەجێی ئێران نییە، هەر دوای سێ کاتژمێر توانیمان بکوژەکە لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکان دەستگیربکەین.

بەپێی زانیارییەکان "ئیسماعیل بۆکانی" ماوەی ساڵێک لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە لەسەر کاری سیاسی زیندانی کراوە و دوای ئەوەش بەردەوام لەژێر هەڕەشە و چاوەدێریدا بووە.

بە گوێرەی ئاژانسە ئێرانییەکە، لە زاری کەسێک لە خزمەکانی کوژراوەکەوە وتراوە: بکوژەکە ساڵێک لەمەو بەریش هەوڵی داوە بە چەقۆ هێرشبکاتەسەر "ئیسماعیل بۆکانی"، ئەمجارەش دوای شەڕە قسەیەکی توند بە دەمانجە تەقەی لە ناوبراو کردووە و کوشتوویەتی.

س.ح