کوبا و ڕوسیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هاوکاری پێشکەشی ئیتاڵیا دەکەن

هەریەک لە وڵاتانی کوبا و ڕوسیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هاوکاری پێشکەشی ئیتاڵیا دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا سوپای ڕوسیا ٨ لیوا کەپێکدێن لە ئەندامانی تەندروستی و کوباش ٥٢ پزیشک و پەرستار دەنێرنە ئەو وڵاتە.


میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە دوێنێ ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆکی ڕوسیا، بە تەلەفۆن لەگەڵ گوسپی کۆند، سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا قسەیکرد، پۆتین پێشنیاری کردووە هاوکارییان پێشکەش بکات و بڕیاریداوە سوپای ڕوسیا هەشت تیم لە ئەندامانی تەندروستیی لەگەڵ پێداویستی پاککردنەوە و پزیشکی بە فڕۆکە بگەیەنێتە ئەو شوێنانەی ئیتاڵیا کە زۆرترین کۆرۆنای تێدا بڵاوبووەتەوە.

لە هەمانکاتدا وڵاتی کوباش ئامادەیی پیشانداوە ٥٢ پزیشک و پەرستار، بۆ هاوکاریی بنێرێتە ئیتاڵیاو بۆ ئەو مەبەستەش ئەو پزیشک و پەرستارانە لە هاڤانای پایتەختی کوباوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون.

لیۆناردۆ فەرناندس، کە یەکێک لە پزیشکە پسپۆڕەکانی کوبایە و تەمەنی ٦٨ ساڵە، بەر لە بەڕێکەوتنیان ڕایگەیاند، "هەموومان دەترسین، بەڵام ئەرکێکی شۆڕشگێڕیمان هەیە هەربۆیە ترسەکەمان خستووەتە لاوە".

ئیتاڵیا لەگەڵ ئەوەی یەکێک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهانە و سیستەمی سەرمایەداریی پەیڕەو دەکات، لە ئاست بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا تائێستا دەستەوستانە، بەڵام کوبا لە کاتێکدا یەکێکە لە وڵاتە هەژارەکان و سیستەمی سۆسیالیستی پەیڕەو دەکات بۆ جاری یەکەمە هاوکاری پێشکەشی وڵاتێکی سەرمایەدار دەکات.

لە ئێستادا زۆرترین تووشبوون بە کۆرۆنا، لە ئیتاڵیایە کە ژمارەیان گەیشتووەتە ٤٢ هەزار و ٦٨١ کەس و دوێنێش ئەو وڵاتە زۆرترین ژمارەی مردن بەو نەخۆشییەی تۆمارکرد کە ٧٩٣ کەس بوو بە گشتیش تا ئێستا لەو وڵاتە چوار هەزار و ٨٢٥ کەس گیانیانکەدەستداوە و ٦ هەزار و ٧٢ کەسیش چاکبوونەتەوە.

ک.س