کوڕەکەی خامنەیی و کەسە نزیکەکانی خرانە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە

لە ٤٠ـەمین ساڵڕۆژی داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئێران، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا کوڕی ڕێبەری ئێران و هەشت کەسی نزیک لە خامنەیی خستە لیستی گەمارۆکانییەوە.


دوێنێ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، موجتەبا خامنەیی کوڕی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران و هەشت کاربەدەستی باڵای ئەمنی نزیک لە خامنەیی خستە لیستی گەمارۆکانییەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا کە ماڵپەڕی بی بی سی بڵاوی کردوەتەوە جگە لە ناوی کوڕەکەی خامنەیی، ناوی ئەم کەسانەش هاتووە؛ محەمەد گولپایگانی سەرۆکی نوسینگەی خامنەیی، وەحید حەقانیان، جێگری جێبەجێکاری نوسینگەی خامنەیی، غوڵامعەلی حەداد عادل و عەلی ئەکبەر ولایەتی لە ڕاوێژکارەکانی خامنەیی، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای داد، محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە سەبازییەکانی ئێران و غوڵامعەلی ڕەشید فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی "خاتەم ئەنبیا"ی سوپای پاسداران.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئەم کەسانەی خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە، دەستیان لە هێرشە تیرۆریستییەکانی لوبنان و ئەرجەنتین بووە، هەروەها هاتووە: گەمارۆ خستنە سەر ئەم کەسانە تواناکانی ڕێبەری ئێران بۆ جێبەجێی کردنی سیاسەتی تۆقاندنی و زۆڵم کەمدەکاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکە هەروەها هاتووە: "ئەمریکا کاربەدەستانی هەڵنەبژێردراوی کردووەتە ئامانج کە لە دەوری ڕێبەری ئێران کۆبوونەتەوە و سیاسەتە تێکدەرانەکانی جێبەجێ دەکەن، ئەم کەسانە دەستیان هەبووە لە هێرشە تیرۆریستییەکان و هەروەها ئەشکەنجە، کوشتن و سەرکوتکردنی خەڵکی مەدەنی".

ئەم گەمارۆیە کە خراوەتە سەر کەسانی ناوبرا، دەست بەسەر هەموو داراییەکانیان دەگرێت و ڕێگە بە هیچ هاوڵاتی یان کۆمپانیایەکی ئەمریکی یان ئەو کۆمپانیایانەی لە ئەمریکا کار دەکەن، نادات هیچ دانوستانێکی بازرگانی لەگەڵ ئەم کەسانە بکەن.

ئەم گەمارۆیانە لە ٤٠ـەمین ساڵڕۆژی داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تارانی پایتەخت لەلایەن لایەنگرانی خومەینی ڕێبەری پێشووی ئێران، خراوەتە سەر کەسانی نزیکی خامنەیی.

ک.س