دادگای فیدراڵی ئەمریکا، بڕیارێکی جۆ بایدنی لە بارەی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی نایاسایی هەڵپەسارد، ئەوەش یەکەم ڕێگری کۆمارییەکانە لە بەردەم سەرۆکە نوێیەکەی وڵاتەکەیاندا، چاودێرانی ئەمریکاش پێشبینی جەنگێکی یاسایی تاڵ دەکەن لەسەر کێشەکانی کۆچ لە ئەمریکا لەنێوان کۆماری و دیموکراتەکاندا.
درو تیپتۆن حاکمی فیدراڵی ئەمریکا بڕیارەکەی جۆ بایدنی سەرۆک کۆماری بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ بە هەڵپەسێردراوی و بە ڕەچاوکردنی داوای حکومەتی ویلایەتی تەکساس هێشتەوە، ئەو کەیسە سەرەتا شکستێکی سەرۆکی نوێی دێموکراتەکانەو ڕەنگدانەوەی ئەو ململانێ تاڵەیە کە لەسەر پرسی کۆچ لە ئەمریکا دا هەیەو ئیدارەی بایدن لەسەر ئەو مەسەلەیە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
حکومەتی تەکساس کە کۆمارییەکان کۆنترۆڵیان کردووە، داواکارییەکی خێرایان پێشکەش کردووە بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارەی کە جۆ بایدن لەبارەی کۆچبەرانەوە دەریکردووە، دادوەر درو تیپتۆن-یش وەڵامی داواکەی دایەوەو فەرمانیکرد بە هەڵپەساردنی بڕیارەکەی بایدن بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ و کارکردن بە بڕیاری ئیدارەی پێشوو بۆ ماوەیەکی کاتی.
یەکێک لەو بڕیارانەی کە بایدن لە ساتی دەستبەکاربونیدا وەک ئەوەی لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنی لەسەر دابوو، گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە بوو کە هاتبوونە ئەمریکا پێش سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، بەڵام هەرزوو وەزیری دادی حکومەتی تێکساس کێن پاکستۆن تانەی لە بڕیارەکە بایدان داو لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە ڕایگرت.
پاکستۆن خێرا پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کردو وتی، تیپتۆن ڕێز لە یاسا و ئاسایشی هاوڵاتیان دەگرێت.
بەڵام ئەی سی ئێڵ یو کە ڕێکخراوێکی دوورمەودایەو تایبەتە بە داکۆکیکردن لە مافی مەدەنی، پاکستۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە دوای ڕێگری لە ئیدارەی بایدن دا دەگەڕێت کە لاپەڕەکە هەڵبداتەوە و ڕایگەیاند، سیاسەتی کۆچ کارەساتبارە کە لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترامپەوە جێبەجێکراوە.
لە کاتێکدا جۆ بایدن یەکەم هەفتەی دەستبەکاربونی خۆی وەک سەرۆکی ئەمریکا دەست پێدەکات، ڕووبەڕوی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، لەوانە زیادکردنی هەوڵەکانی کوتان لە دژی کۆرۆنا لە سەرتاسەری وڵاتدا، کارکردن لەگەڵ کۆنگرێس بۆ دادگاییکردنی سەرۆکی پێشوو دۆناڵ ترامپ و گۆڕینی مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ سیاسەتی کۆچبەری.
ی. ک