کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئەندامە ژنەکانی هاوتای پیاوان دەکات

سەرۆکی داهاتووی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕێژەی ئەندامانی ژن لە کۆمسیۆنەکەدا زیاد دەکات و هاوتای پیاوانی دەکات، بە جۆرێک لە کۆی ٢٧ ئەندام ١٣ کەسیان ژن و ١٤یان پیاودەبن.


دوێنێ ئۆزلا فۆندرلاین، سەرۆکی داهاتووی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لیستی کاندیدەکانی ئەندامێتی کۆمیسیۆنی ئەوروپای بڵاوکردەوە.

لەو لیستەی فۆندرلاین بڵاویکردووەتەوە، ناوی ١٣ ژن و ١٤ پیاو هاتووە کە ڕێژەیەکی نزیک بە نیوەبەنیوەیە، ئەوەش لە کاتێکدایە  کۆمسیۆنی ئێستا کە ژمارەیان ٢٨ ئەندامە ٩ ژن و ١٩ پیاو ئەندامی ئەو کۆمیسیۆنەن و ڕێژەی بەشداریی ژنان ٣٢٪ـە.

سەرۆکایەتی ئۆزلا فۆندرلاین، لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕۆژی ١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەستپێدەکات و هەر وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا لەم کۆمیسیۆنەدا یەک ئەندامی هەیە.

فۆندرلاین بڕیارە ئەمڕۆ ئەرکی کاندیدەکان ڕوون بکاتەوە و کۆتایی ئەم مانگەش پەرلەمانی ئەوروپا لە دانیشتنێکدا دەنگ لەسەر متمانەبەخشین بە کاندیدەکان دەدەن.

جێگای ئاماژەیە، کۆمیسیۆنی ئەوروپا وەک دەوڵەت و دەزگای جێبەجێیکار لە یەکێتی ئەوروپا ڕۆڵ دەگیڕێت و چاودێری جێبەجێکردنی یاساکانی یەکێتییەکە دەکات.

ک.س