دووشەممە, 16 مار 2020 – 12:21 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئەڵمانیا باس لەوە دەکەن، هەریەک لە ئەڵمانیاو ئەمریکا بە نهێنی سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سەرەتایین بۆ کۆرۆنا و ئەمڕۆش هەردوو وڵات یەکەم پێکوتە لەسەر مرۆڤ تاقیدەکەنەوە.
هەردوو وڵات کێبڕکێیانە لەسەر ڕازییکردنی کۆمپانیای “CureVac” “كیورفاك”ی ئەڵمانی و ڕاسپاردنی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەپەلە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئیدارەی ترامپ لە هەوڵدایە بەرپرسانی کۆمپانیاکە بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، بۆ ئەو مەبەستەش بڕە پارەیەکی خەیاڵییان بۆ پێشنیاز کردوون.
ئەڵمانیاش بەهەمانشێوە ئامادەیی تەواوی نیشانداوە کە هاوکاری ئەو کۆمپانیا تایبەتمەندە بکات بۆ ئەو مەبەستە.
وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا بە تووندیی دژی ئەو هەوڵەی بەرپرسانی ئەمریکا بەتایبەت دۆناڵد ترامپ وەستایەوە، کە دەیانەوێت پێکوتەکە لە کۆمپانیا ئەڵمانییەکە بکڕن و ڕایگەیاند، ئەڵمانیا بۆ فرۆشتن نییە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە هێشتا کۆمپانیای کیوڤاک بە داوای هیچ کام لە حکومەتی ئەو دوو وڵاتە ڕازی نەبووە.
کۆمپانیای “كیورفاك” بۆ تەکنەلۆژیای زیندوو ماوەی چەند هەفتەیەکە کار بۆ دۆزینەوەی پێکوتەیەکی کۆرۆنای نوێ دەکات و ڕایگەیاندووە تا وەرزی داهاتوو ئەنجامەکان بەدەست دەخات.
ش.ف