گراهام: ترامپ دڵنیای کردینەوە کە هاوپەیمانەکەی لە سوریا دەپارێزێت

لیندسی گراهام، سیناتۆری باڵای ئەمریکا، کە ئەندامی دەستەی هێزە چەکدارەکانە لە ئەنجومەنی پیران، دوای دیدارەکەی لەگەڵ ترامپ ڕایگەیاند، پێشتر نیگەران بووم لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام ترامپ دلنیای کردینەوە کە هاوپەیمانە کوردەکانمان دەپارێزرین.


لیندسی گراهام سیناتۆری باڵای ئەمریکا، لەسەر نیگەرانییەکانی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا، ئەمڕۆ لە کۆشکی سپی لەگەڵ دوناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کۆبووەوە.

لیندسی گراهام هاوکات لەگەڵ کاردانەوەکان دژی بڕیارەکەی ترامپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، نیگەرانی خۆی دەربڕی و داوایکرد، ئەنجومەنی پیران بۆ تاوتوێکردنی بڕیاری ترامپ لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و سوریا بەپەلە کۆببێتەوە.

پێشتر گراهام لە تویتێکدا هۆشداریی داوبوو، نووسیبووی: "ئێمە تورکیا بە بەرپرس دەزانین لەهەر هێرشێک بۆ سەر کوردی هاوپەیمانمان لە دژی داعش، بە بۆچوونی من ئەگەر شتێک لەو چەشنە ڕووبدات، ئێمە ئەردۆغان لەو ڕیزبەندییە دادەنێین کە پێشتر محەمەد بن سەلمان-مان دانابوو".

لەسەر هەمان بابەت گراهام ئەمڕۆ لەگەڵ ترامپ کۆبووەوە، لە دوای کۆبوونەوەکە ڕایگایاند، هێشتا لەهەندێک بابەتدا بۆچوونی لەگەڵ ترامپ جیاوازە، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر نیگەران بووە لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام لەو کۆبووەنەوەیە ترامپ دڵنیای کردوونەتەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لە کات و ساتێک لە سوریا دەکشێتەوە کە دڵنیا بێت لەوەی، "داعش بە تەواوی تێکشکاوە، ئێران ئەو بۆشاییە پڕ ناکاتەوە، هاوپەیمانە کوردەکانی ئەمریکا پارێزراوبن".

س.ح