دوای کوژرانی فەخری زادە، ئێران بڕیاری داوە ڕێگە لە لێکۆڵەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بگرێت بۆ سەردانی ناوەندە ئەتۆمییەکانی، سکرتێری ئاژانسەکەش هۆشداریی دایە ئێران و ڕایگەیاند: ئەمکارە هیچ سوودێکی بۆ ئێران نییە.
ڕافائیل گروسی سکرتێری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، لەسەر هەڕەشەی ئێران بۆ ڕێگرتن لە لێکۆڵەرانی ئاژانسی ئەتۆمی، هۆشداریی دایە کاربەدەستانی ئێران.
گروسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فرانس پرێس ڕایگەیاند: ڕێگریی لە لێکۆڵەرانی ئاژانس هیچ سوودێکی بۆ دەسەڵاتی ئێران نابێت، ئەمە یەکەمجار نییە پەرلەمانی ئێران ئەو بڕیارە بدات، کەچی سوودیشیان لێنەبینیوە.
گروسی هەروەها ڕایگەیاند: سەرەڕای ئەو بڕیارە، بەڵام ئاژانسی وزەی ئەتۆم، هێشتا هیچ نیشانەیەکی گۆڕینی ڕەفتاری ئێران نەبینیوە بۆ ڕێگەگرتن لە لێکۆڵەران.
جێگای ئاماژەیە، دوای ئەوەی موحسین فەخری زادە جێگری وەزیری بەرگریی ئێران و بەرپرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بە ئامانج گیرا و کوژرا، پەرلەمانی ئێران، لە وەڵامی ئەو ڕووداوەدا، پێشنیارێکیان پەسەند کرد کە بەپێی ئەوە کۆتایی بە هاوکارییەکانی ئێران لە پرۆتۆکۆلی پەیوەست دەهێنێت و ڕێگە لە سەردانی لێکۆڵەرانی ئاژانسی ئەتۆم دەگرێت، ئەمڕۆش پەسەندی کۆتایی لەسەر کرد و دوو مانگی داوەتە حکومەتی ڕۆحانی، کە ئەگەر لایەنی بەرامەبەر بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکات و ڕێگە بە ئێران نەدات نەوت بفرۆشێت و پارەکانی بگوزاێتەوە، هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم ڕابگرێت.
ب.ک